لە ئێران خەڵکێک کە توانای کڕینی مۆبایل و تەبلێتیان نییە بۆ خوێندنی منداڵەکانیان،ئەو کەرەستانە بە شێوەی کاتیی بە کرێ دەگرن.
زیاتر لە ٩ مانگ لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان تێپەڕ دەبێت و لە ئێستادا کە وڵاتان بەدوای دروستکردنی پێکوت بۆ ئەو پەتایەن، ڕێژیمی ئێران هێشتا نەیتوانیوە کێشەکانی بەردەم خوێندنی ئۆنلاین چارەسەر بکات.
پاش تێپەڕینی ٢ مانگ لە دەسپێکی خوێندن هێشتا نەبوون و کەمبوونی کەرەستە زیرەکەکانی وەکوو تەبلێت و مۆبایل و تەنانەت لە هەندێک ناوچەشدا نەبوونی ئینتێرنێت، کێشەی سەرەکیی قوتابییان و بنەماڵەکانیانە.
ئەو دۆخە وایکردووە کە بنەماڵەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە خوێندن بەجێ نەمێنن تەبلێت و مۆبایل بە کرێ وەردەگرن و بۆ هەر کاتژمێرێک ١٥ هەزار تمەن پارە دەدەن.
شایانی باسە کە ئەم دیاردەیە بەهۆی ئەوەیکە، یەکەم ئەوە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی ڕێژیم بەنیسبەت دابینکردنی خوێندنێکی ئاسوودە و بێ کێشە بۆ قوتابییان و دووهەم کەڵکاژۆی کەسانی هەلپەرست لە هەر دەرفەتێک بۆ پڕکردنی گیرفانەکانی خۆیان و لەلایەکی دیکەشەوە هەژاریی کۆمەڵگە کە کاسبی بە قەیرانەکانەوە دەکەن، و ئەم دیاردەیەش وەکوو هەموو کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێران کە ڕێژیم توانای چارەسەرکردنیانی نییە بۆتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی دیکە و بەرۆکی خەڵکی هەژاری ئێرانی گرتووە.