داوود ئۆغڵوو: بە جێگای ئەوی بە تەنیا زاواکەی ئەردۆغان، دەستی لە کار کشاوەتەوە دەبوو هەموو حکومەتی ئەردۆغان، دەستلەکار بکێشێتەوە.
ئەحمەد داوود ئۆغڵوو، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیە و سکرتێری حیزبی”داهاتووی تورکیە” بە ڕەخنەگرتن لە کارەکانی”بیرات ئەلبەیرەق” زاوای سەرۆککۆماری تورکیە و وەزیری خەزێنەداری پێشووی تورکیە گوتی: دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو زۆر کارێکی باش بوو بەڵام باشتر وابوو کە هەموو حکومەتەکەی ئەردۆغان بوێرانە لە بەردەم خەڵکی تورکیە دەستیان لە کار کێشابایەتەوە.
ئۆغلوو، لە سەر دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری خەزێنەداری تورکیە و ڕاگەیاندنی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەڵێ: ئەم شێوە دەسلەکارکێشانەوەیە بووە بە جۆرێکی نوێ لە دەستلەکار کێشانەوە بۆ پاساو هێنانەوە و سەرپۆش دانان لە سەر کێشە و گرفتە سیاسیی و ئابوورییەکان لە وڵاتدا و ئامانج لەم جۆرە دەستلەکارکێشانەوەیە، باج وەرگرتنی سیاسیی و گۆڕینی تاکتیکە لە کارکردنیاندا و باشتر وابوو کە هەموو حکومەتی ئەردۆغان لە بەردەم خەڵک و لە پێش ڕاگەیاندنە فەرمییەکان بە شێوەیەکی ئازایانە دەستیان لە کار بکشابایەتەوە، نەوەکوو زاواکەی ئەردۆغان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینیستاگرام، دەستلەکار کێشانەوەی خۆی ڕابگەینێ.
هەروەها ناوبراو لە سەر ئەردۆغان دەڵێ: ئەم جۆرە کەسانە بە دزی و گەندەڵی بوونەتە هۆی کێشە و گیروگرفتی خەڵکی تورکیە و وڵاتی تورکییەیان ڕووبە دونیای دەرەوە بێ متمانە کردووە.
ئۆغڵوو بە ئاماژە بە پێشێلکردنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیە گوتی: ئەردۆغان و حکومەتەکەی ئیزن نادەن کە نەیارانی خۆیان دەستیان بە ڕاگەیاندنەکان بگا و ویست و داخوازییەکانی خۆیان بە خەڵک بگەینن و نەیارانی خۆیان بە توندترین شێوە سەرکوت دەکەن، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە ئەردۆغان و حکوومەتە گەندەڵەکەی دەستلەکار بکێشێتەوە.