گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە، بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هەشتەمین خولی هەڵبژاردنی خانەی چاپەمەنیی کوردستان.
لە ئەنجامی دەستێوەردان و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان، هێندێک لە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران و ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی شاری سنە، هەڵبژاردنی هەشتەمین خولی ئەو ناوەندە چاپەمەنییە هەڵوەشایەوە.
سەرەڕای خۆبەربژیرکردنی ١٩ کەس لە ڕۆژنامەوانان، بە هۆی دەستێوەردانەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، هەموو بەربژێرەکان لە خۆکاندیدکردن پاشگەز بوونەوە.
جێگای ئاماژەیە سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات، وەکوو دوو جەمسەری دەسەڵاتدار لە کوردستان و ئێراندا دەستیان بە سەر هەموو ناوەندە ئەمنییەتی، قەزایی و ئابوورییەکاندا گرتووە و چالاکانی سیاسیش لەو باوەڕەدان کە ئەو دوو ناوەندە دەسەڵاتدارەی ڕێژیم، هەموو هەوڵەکانیان لە درێژی سیاسەتی زۆرتر ئەمنییەتی کردنی کوردستانە.
شایانی باسە کە پاڕێزگای سنە، بە حەشیمەتی ١ میلیۆن و ٤٨٨ هەزار کەس و لە ڕۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە و لە چاو بڵاوکراوەکانی ئێران، لە بواری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕۆژانە ولە گواستنەوەی هەواڵەکانی ئەو پارێزگایە کەمترین پشکی هەیە.