دەوڵەتی ترامپ دوای هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتنی”بەرجام” زیاتر لە ٦٠ گەمارۆی بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاندووە کە زۆربەیان بڕیاری تازەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی “ئێران ئینتێرناشناڵ” یەکێک لە بڕیارە نوێیەکان گەمارۆ خستنە سەر هەموو جومگەکانی ئابووری ئێرانە و لانیکەم لەم جۆرە بڕیارانە ٥ بڕیاری گەمارۆی قورسی دیکەش هەیە و تائێستاش ٥٥ کەسایەتی و ڕێکخراوی نوێی دیکە لە لایەن ئەمریکاوە دەسنیشان کراوە کە گەمارۆیان بخرێتە سەر و ئەگەریش گەمارۆیان لە سەر بێ گەمارۆکەیان دووبارە دەکرێتەوە.
ئێران ئینتێرناشناڵ، لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکا کە هێندێک لە گەمارۆکانی پێشتر بە بیانووی جۆراوجۆرە لە لایەن ئەمریکاوە قورستر دەبێتەوە بوو نموونە بانکی ناوەندیی ئێران تەنیا گەمارۆی ناوکی لە سەر بوو، بەڵام ئێستا بە هۆی پشتیوانیکردن لە تێرۆرەوە گەمارۆی دیکەی خراوەتە سەر، تەنانەت ئەگەر گەمارۆیەکیان لە سەر لابچێ گەمارۆیەکی دیکەی بەناوێکی دیکەوە لە سەرە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تەنانەت ئەگەر”جۆو بایدن” سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکاش بیهەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی”بەرجام” هیچ جیاوازییەکی بۆ ئێران نابێ مەگەر هەموو گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، هەڵوەشێنێتەوە کە ئەمەش کارێکی ئاسان نییە.