بەدوای گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا بە دژی ڕێکخراو و بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، ڕۆژی دووشەممە٢٦ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە لاپەڕەی فەرمیی”بیژەن زەنگەنە” وەزیری نەوتی ئێران، بۆ ماوەیەکی نادیار دادەخرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”بلۆمبێرگ” هەڵپەساردن و داخرانی لاپەڕەی فەرمیی تویتێری وەزیری نەوتی ئێران”بیژەن زەنگەنە” بە دوای گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکاوە کراوە کە چەند ڕۆژ پێش دەوڵەتی “ترامپ” گەمارۆی بەسەر هەندێک لە ڕێکخراوەکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو بەرپرسانی پیشەی پێترۆشیمی و پیشەی نەوتی ئێراندا سەپاند.
شایانی باسە کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، لە ماوەی پێشوودا لاپەڕەی فەرمیی “خامنەیی” و لاپەڕەی فەرمی “موحسێن ڕەزایی” سکرتێری کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو داخستبوو.
جێگای ئاماژەیە کە ماوەیەک لەمەو پێش برایان هۆک،بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکدا لە گەڵ کاناڵی هەواڵی بۆلێمبێرگ، دوای لە هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا کردبوو کە بە هۆی پشتیوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم لاپەڕەی فەرمیی بەرپرسەباڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دابخەن.