سەرچاوە هەواڵییەکانی ئەمریکا دەڵێن: ئەگەری زۆری هەیە دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە کۆتاییەکانی مانگی ئاخری سەرۆک کۆمارییەکەیدا هێرش بکاتە سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران و بۆمبارانیان بکا و بەم جۆرە کۆتایی بە بەرنامەی ناوکی ئێران بهێنێ.
بەوتەی هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی لە دانیشتنێکی نهێنیدا لە گەڵ ڕاوێژکارانی باڵای کۆشکی سپیدا، داوی پلانێکی کردووە بۆ ئەگەری هێرش کردنەسەر بنکە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە حەوتووەکانی داهاتوودا.
ڕۆژنامەی ئەمریکایی “نیۆیۆرک تایمز: بڵاویکردەوە کە ٤ کەس لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکایی ڕایانگەیاندوو کە ئەم دانیشتنە نهێنییە لە کۆشکی سپیدا، بە دوای ڕاگەیاندنەکەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، لە هەمبەر زیاد بوون و پەرەپێدانی پیتاندۆمی ئۆرانیۆم لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە،بەڕیوەچووە.
هەرلەم پێوەندییەدا هێندێک لە ڕاوێژکارانی باڵای کۆشکی سپێ وەکوو “مایک پێنس” جێگری سەرۆککۆمار و “مایک پۆمپئێۆ” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا “کریستۆفێر میلێر” وەزیری بەرگری ئەمریکا، هەوڵی خۆیان داوە بەڵکوو سەرۆککۆمار ڕازی بکەن کە هێرشی سەربازی نەکاتە سەر بنکە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ژنێراڵ مارک میلی، فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا دەڵێ: کە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە کۆتایی سەرۆککۆماری “دۆناڵد ترامپ”دا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ.
بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکایی ترامپ لەم دانیشتنە نهێنیەدا داوای لە ڕاوێژکارە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی کردووە، ڕێکار و چۆنیەتیی بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ ڕێژیمی ئێرانی بە گەڵاڵەیەکی داڕێژراو پێڕابگەیێنن.
شایانی باسە کە لەو کاتەوە کە دۆناڵد ترامپ حەوتووی ڕابردوو”مارک ئێسپر” وەزیری بەرگری و هێندێک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وەزارەتخانەیەی لە سەر کار لابردووە، هەموو بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا لە سەر ئەو باوەڕەن کە دۆناڵد ترامپ دەیهەوێت هێرشی نیزامی بکاتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموویانی لەم بارەوە نیگەران کردووە.