پەتای کۆرۆنا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە شێوەیەکی بەرین بڵاوبۆتەوە و ڕێژیم و بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی دان بەو دۆخە ناجێگیرەی بەندیخانەی سنەدا نەنێن.
بەپێی زانیارییەکان، کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار و سەرسووڕهێنەر لە زیندانی ناوەندیی سنە تەشەنەی سەندووە و ئەم دۆخە بە شێوەیەکی جیددی هەڕەشە لە گیانی بەندکراوان و بە تایبەت بەندکراوانی سیاسیی دەکات.
هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، جگە لەوەی کە بەرپرسانی بەندیخانە هیچ هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵ و چارەسەریی ئەو دۆخە نادەن، بەڵکوو نکۆڵی لە هەبوونی پەتاکە لەو بەندیخانەیەدا دەکەن.
بەرپرسانی بەندیخانەی سنە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا چەند هەواڵنێرێکی ڕاگەیاندنی ڕێژیمیان لە سنە بردووەتە نێو بەندیخانەکە و لێدوانیان لە چەند بەندکراوێک وەرگرتووە کە پێیان وتوون دەبێ بڵێن کە کۆرۆنا لەو بەندیخانەیەدا بوونی نییە.
ئەو گوشارانە کە لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە چڕ کراوەتەوە زیاتر لەسەر بەندکراوانی سیاسییە بۆ ئازار و ئەشکەنجەدانیان و دانپێدانانی زۆرەملێ و ترساندن و تۆقاندنی خۆیان و بنەماڵەکانیانە.











