مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ٢٤خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا لەپیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی نوسیویەتی؛ لە خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی و حەوتوویەک دوای ئەوە زیاتر لە ٢٠٠شاری ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە ڕژانە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی بە ٤ دەیە بەڕێوەبردنی زاڵمانە لەلایەن ڕێژیمێکی گەندەڵ کە سەروەت و سامانی خەڵکەکەی بۆ تێرۆریزم لە دەرەوەی وڵات بەهەدەر دەدات و خەڵکی ئێرانیش بە دۆخێکی سەختی ژیاندا تێدەپەڕن لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمەوە بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت کران.
لە حاڵێکدا ناڕازییان کەڵکیان لە ئازادی بەیانی خۆیان وەردەگرد، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە کردەوەکانی خۆی و توندتیژیی زیادە لەپیویست وبە تێرۆر و کوشتن و گرتن ولامی ئەو خەڵکەی دایەوە.
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: ڕێژیم بەو کارەی جارێکی دیگە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست و متمانەی هەرشێوە داواکارییەکی لای خەڵک نەماوە، ڕێژیم زیاتر لە ١٥٠٠کەسی خەڵکی ئێرانی کوشت کە لە نێویاندا لانیکەم ٢٣کەسیان منداڵ بوون.
بەداخەوە کاروانی تێرۆری ڕێژیمی ئێران تا ئێستاش هەر بەردەوامە، ڕێژیم پابەندی یاساکانی خۆی و بەڵێنەکانی نێونەتەوەیی بۆ مافی مرۆڤ نابێت و هەزاران خۆپێشاندەر هەروا لە بەندیخانەکانن، ئەو جێگایەی کە بەپیی ڕاپۆرتەکان ڕووبەڕووی لێدانی قامچی، شۆکی کارەبایی، برسیبوون، دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەگەلێکی دیکە دەبنەوە.
جیهان دەبێ لەوە تێبگات کە هیچ میانەڕۆیەک بوونی نییە کەلە ڕێژیمێکی ئاوا دڕەند پشتیوانی بکات، هیوادارین تەواوی وڵاتان بە دەم بانگهێشتەکەی ئێمەوە بێن و گوشار بخەنەسەر ڕێژیمی ئێران کە هەموو بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بە زووترین کات ئازاد بکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا پۆمپێئۆ گوتی: ڕێژیمی ئێران هەوڵی دا لە ڕێگەی بچڕانی هێڵی ئینتێرتێنەوە کردەوەکانی خۆی بشارێتەوە و تا ئێستاش ڕێگەی نەداوە لێکۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە بکرێت، بەڵام ئێمە هیچکات قوربانییانی دەستی ڕێژیمی ئێران لە بیر ناکەین و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران باش دەزانن کە کۆتا هەناسەکانی تەمەنییانە هەر بۆیە ترسی زۆریان لە سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران هەیە.