سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری سونقوڕکولیایی سەر بەپارێزگای کرماشان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی چوارشەممە،٢١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی سونقوڕ، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ چالاکی سیاسی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە ناوەکانی “سەعید سەمیمی، کەسرا بەنیعامریان و سەعید ئەسغەری”، و دەسبەسەریان کردوون.
شایانی باسە کە ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٦ی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و ساڵێک دواتر لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە، بە بێ ئەوەی مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریان هەبێ، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلان لە دژی ئاسایشی نەتەوەییش، سزای پێنج ساڵ بەندکرانی دیکەیان بە سەردا سەپا و هەروەها لە لایەن لقی ٣٦ی دادگای شۆڕش بە سەرۆکایەتیی دادوەر “زەرگەر”، سزاکەیان وەک خۆی پەسند کراوە.
بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، قورسترین سزای ئەم کەسانە لەسەریان جێبەجێ دەکرێت و بەم پێیەش هەر کام لەوان دەبێ پێنج ساڵ لە بەندیخانە بمێنێتەوە.
جێگای ئاماژەیە دەسبەسەر کرانی ئەم سێ هاووڵاتییە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەیان لە کاتێکدایە کە پێشتر بە هیچ شێوەیەک داوایان لێ نەکرابوو خۆیان بە بەندیخانە بناسێنن.
پێویستە بگوترێ کە “کەسرا بەنیعامریان” بە هۆی تووش بوونی بە شێرپەنجەی خوێن، خەریکی کیمیا دەرمانی بووە و دەسبەسەر کران و گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییە بۆ بەندیخانە و بە لەبەرچاو گرتنی تەشەنە سەندنی بەربڵاوی پەتای کۆرۆنا لە ناو بەندیخانەکان، گیانی ئەو هاووڵاتییە زۆرتر دەکەوێتە مەترسییەوە.