کاک “رەحیم عەبدوڵڵازادە” ناسراو بە “رەحیمە رەش”باوکی ئەندام و پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند ڕۆژ پێش، کاک “رەحیم عەبدوڵڵازادە” ناسراو بە “رەحیمە رەش” خەڵکی گوندی “گردکسپیان” و باوکی هاوڕێی بەڕێزمان کاک “خالید عەبدوڵڵازادە” پێشمەرگەی دێرینی ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە تەمەنی ٨٥ ساڵی و بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
کاک رەحیم عەبدوڵڵازادە کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتیمانپەروەر و کوردپەروەری ناوچەی پیرانشار بوو کە لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی هەبوو و کاریگەری و هەستی وڵاتپارێزی ئەو کەسایەتییە وایکردبوو بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی بنەماڵەکەی تێکەڵ بە ریزی شۆڕش و حیزبی دیموکراتی کوردستان ببن و قوربانی بۆ بدەن و فیداکاری بۆ بکەن. هاوکات جێی خۆیەتی کە ئاماژە بە ئەوەش بدرێ کە ١٧ی رەشەممەی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، لە کاتی بۆمبارانی شاری پیرانشار لە لایان فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی بەعسی عێراقەوە، یازدە کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی کاک “رەحیم عەبدوڵڵازادە” بوونە قوربانی و گیانیان بەخشی.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی عەبدوڵڵازادە و خزم و کەسوکاریان بە گشتی و هاورێ خالید عەبدوڵڵازادە بە تایبەتی دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێ.











