مام محەممەد رەشاد” ناسراو بە “حەمەدی مەلای سێمانی باوکی فەرماندەری شەهید “عەوڵا سابیر” و برای پێشمەرگە و فەرماندەی دێرینی حیزب هاوڕێ “سێمان سابیر”لە شاری پیرانشار کۆچی دواییکرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند ڕۆژ پێش، “مام محەممەد رەشاد” ناسراو بە “حەمەدی مەلای سێمانی”، دانیشتووی گوندی “شەختان” و باوکی فەرماندەری شەهید “عەوڵا سابیر” و برای پێشمەرگە و فەرماندەی دێرینی حیزب، هاوڕێ “سێمان سابیر”، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی کۆڕۆنا، لە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
مام حەمەدی مەلای سێمانی، مرۆڤێکی هێدی و هێمن و کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز بۆ گەل و وڵاتەکەی بوو و بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا فەرماندە و پێشمەرگە بوون، بە بەردەوامی لەژێر فشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو وبەو هۆیەوە تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆربوو.
شایانی باسە، شەهید عەوڵا سابیر، یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی هێزی قەندیل بوو کە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، لە مەئموورییەتێکی حیزبیدا بۆ ناوچەی سەقز لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی نەمری نەتەوەکەمان بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی مام “محەممەد ڕەشاد” و خزم و کەسوکاریان دەکا و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێ.