وەزیری نوێی بەرگری ئەمریکا دەڵێ: کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنینەوە
کریس میلێر، جێگرەوەی وەزیری بەرگری پێشووی ئەمریکا، لە یەکەمین پەیامی خۆیدا بە ئەرتەشی ئەمریکای ڕاگەیاند کە کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنینەوە.
ناوبراو دەڵێ: بە ڕاستی ئەمریکا و بە تایبەتی سەربازانی ئەمریکایی لە دڕێژەدانی ئەو شەڕانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ماندوو بوونە.
کریس میلێر، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، دوای دەستلەکار کێشانەوەی مارک ئێسپێر، وەزیری بەرگری پێشوو، لە لایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکاوە بوو بە وەزیری نوێی بەرگری ئەمریکا.
میلێر لە درێژدا دەڵێ: بە ڕاستی ئەو شەڕانە زۆر درێژەی کێشاوە و سەربازەکانی ئێمە زۆر ماندوو بوون و زۆر کەس لە شەڕ بێزارن و من یەکێکم لەو کەسانە، ئێمە دەمانهەوێت هەوڵی خۆمان بدەین لەم کاتەدا دەوری ئەمریکا لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆلە شەڕ لە گەڵ تێرۆریستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕین بۆ پشتیوانی کردنی ئەمریکا لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانی خۆمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆر و ناسەقامگیری لەو ناوچەیە و جیهان بەگشتیدا.
هەروەها میلێر لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتی: ئەمریکا زۆر نزیک بۆتەوە لە لەنێو بردنی ڕێکخراوی تێرۆریستی “ئەلقاعیدە ” و هاوپەیمانەکانی و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە سەربازەکانی ئێمە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، شەڕەکانی ئەفغانستان، عێراق و سووریە، لە ١٩ساڵ پێش ئێستاوە زیاتر لەیەک و نیو تریلیۆن دۆلار بۆ ئەمریکا خەرجی هەڵگرتووە، بۆیە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، بەڵێنەکەی خۆی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ی زایینی لە هەمبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ دەکا و بە زۆترین کات هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێنینەوە.