دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، پوورە “حەلیم مەحموودزادە” دایکی شەهیدان “سەلیم و سمایل محەممەدپوور” خەڵکی گوندی” قووڵەسوێرو”ی ناوچەی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە پوورە “حەلیم مەحموودزادە” وەک ژنێکی ئازا و تێکۆشەر لەو کاتەدا کە بنکە و بارەگاکانی حیزب لە گوندەکەی ئەوان بوون هەمیشە هاوکاری پێشمەرگەکان بووە و لە هیچ هاوکارییەک درێغی نەدەکرد و هەموو پێشمەرگەکانی بە کوڕ و کچی خۆی دەزانی و ماڵیان هەمیشە جێگەی حەوانەوە و پەناگەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو ژنە نیشتمانپەروەرە دوو ڕۆڵەی تێکۆشەری بە ناوەکانی “سەلیم محەممەدپوور و سمایل محەممەد پوور”پێشکەشی بارەگای ئازادیی نیشتمان کردوە، شەهید سەلیم لە لایەن جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیەوە لەگەڵ شەهید محەممەد مەحموود زادە ئێعدام کران کە هەردووکیان دوو کەس لە ئەندامە چالاک و بوێرەکانی حیزب بوون و شەهید سمایل لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە کاتی گرتنی گوردانی “بێژوێ “دا شەهید بوو. شەهید سمایل یەکێک لەو ڕۆلە چاونەترسەکانی دێموکرات بوو کە لە زۆر شەڕی قارەمانانەی ناوچەی “سەردەشت”دا بەشداری کرد و ئازایانە گیانی خۆی پێشکەش بە گەل و نەتەوەکەی کردووە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی پوورە حەلیم و سەرجەم خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.