سەعید نمەکی وەزیری تەندروستیی ئێران هەڕەشە دەکات کە ئەگەر قەرەنتینەی گشتی و قەدەغەی تەواوی ھاتووچۆ ڕانەگەیەنرێت، دەست لەكاردەكێشێتەوە.
لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تائێستا زیاتر لە ٧٣٨ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، نزیکەی ٤١ هەزاریشیان بەهۆی ئەو پەتایەوە گیانیان لەدەستداوە، لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە ئامارەکانی هەڵکشان و دابەزینی کۆرۆنایان تۆمار نەکردووە.
سەعید نمەكی، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند، سەرۆکكۆماری ئێران ھەندێک بڕیار و لێدوان لەبارەی پەتای كۆرۆنا دهدات، كە پێشتر لە ناوەندی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا باس نەكراون.
نمەكی هەروەها دەڵێ: ڕوحانی سەبارەت بە شەپۆلی نوێی كۆرۆنا لەو وڵاتە كەمتەرخەم بووە و بۆی گرینگ نییە کە دۆخی ژیانی خەڵک لە چ ئاستێدایە.
بەشێك لە ڕاگەیاندنەكانی ئێرانیش ئاشكرایان كردووە، وەزیری تەندروستی ئێران ھەڕەشەی كردووە و دەڵێ ئەگەر قەرەنتینە و قەدەغەی ھاتووچۆی گشتیی ڕانەگەیەندرێت دەستلەکار دەکیشێتەوە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هیچ ڕێکارێکی ئەوتۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نەگرتۆتە بەر و خەڵک دەبێ لەوە باش تێبگەن کە دەسەڵاتدارانی تاران تەنیا لە بیری بەرژەوەندی خۆیاندان و ژیانی هاوڵاتییانیان بۆ گرینگ نییە.