مام عەزیزعەزیزی پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان و باوکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دواییکرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی شەممە٢٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، مام “عەزیز عەزیزی” خەڵکی گوندی” بێورانی خوار”ی ناوچەی سەردەشت و باوکی دوو شەھیدی ڕیگای ڕزگاری، شەھیدان “حەمە عەزیز عەزیزی و ڕەسووڵ عەزیزی” بە ھۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی سوئێد کۆچی دواییکرد.
شایانی باسە کە مام عەزیز لە سەردەمی کۆماری کوردستان وێڕای فەقێ ئەحمەدی برای دەبێتە پێشمەرگە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی کۆماری کوردستان دەکەن و دوای رووخانی کۆماری کوردستان و لە گەڵ دەست پێکردنەوەی جم و جۆڵی تێکۆشەرانی نھێنی دووبارە پێوەندیان پێوە دەکات و لە ھیچ کار ئاسانی و ھاوکارییەک دریغیی ناکات.
هەروەها لە ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ دەبێتەوە ئەندامێکی چالاک و وەک بنەماڵەیەکی جێگای باوەڕ دەبن بە پشتیوان و پاڵپشتێکی دڵسۆزی تێکۆشەرانی خەباتی چەکدارانەی ڕۆلە تێکۆشەرەکانی دێموکرات.
دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران خۆی وەک پێشمەرگەی ھێزی بەرگری و دوو کوڕی بە ناوەکانی حەمە عەزیزی عەزیزی و ڕەسووڵ عەزیزی دەبنە پێشمەرگە و تا کۆتایی تەمەن لەخزمەت گەل و نیشتمانەکەیاندا دەبن.
ساڵی ١٣٦٤- لە شەڕێکی قارەمانانەدا و لە نزیک گوندەکەی خۆیان یەکەم کوڕی بە ناوی حەمە عەزیزعەزیزی شەھید دەبێ و ساڵی ٧٠ی هەتاوی، لەشەڕێکی دیکەدا شەهید ڕەسووڵ شەهید دەبێ.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ویرای دەبڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی مام “عەزیز”سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.