جەلال مەحموودزادە سەرۆکی فڕاکسیۆنی سوننی مەزهەبی مەجلیسی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەڵوەری ٩٩ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری “ئیسنا” گوتی؛ جوبایدن دەتوانێ دژ بە ڕێژیمی ئێران کۆدەنگی پێكبێنێ لەبەر ئەوەی لە وڵاتانی ناوچەکەدا جێگای متمانەیە و کاری ئێمە وەکوو ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ناوبراو قورستر دەبێت.
جەلال مەحموودزادە گوتی: جوبایدن پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی هەیە، بەڵام بڕیارەکانی تڕامپ سەرەڕۆیانە بوو، ترامپ نەیدەتوانی کۆدەنگی جیهانی دژ بە ئێران پێکبێنێ، زۆربەی وڵاتان لە ڕێکخراوی نێونەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ترامپ هاودەنگییان نەدەکرد، ئەمە لە حاڵێکدایە کە جوبایدن کۆدەنگییەکی باش دژ بە ڕێژیمی ئێران پێکبێنێ، لەبەر ئەوەی جێی متمانەی تەواوی وڵاتانی ناوچەکەیە.
ئەم قسانەی مەحموودزادە لە کاتێکدایە کە حەسەنی ڕوحانی و جەواد زەریف گوتبوویان کە بایدەن جیاوازی هەیە لەگەڵ تڕامپ و بەشیوەیەک کە گەشبین بوون بە سەرکەوتنی جوبایدن وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکا و پێیانوایە لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ بەرجام و گوشاری گەمارۆکان لەسەر ئەو ڕێژیمە کەم دەبێتەوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا، “ئلیوتئابرامز” نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، لە وتووێژێکدا گوتی؛ دەوڵەتی تڕامپ ئەوپەڕی گوشاری خۆی دژبە ئێران تا ڕۆژی دەسبەکار بوونی بایدن وەکوو سەرۆک کۆمار، درێژە پێدەدات.
ناوبراو گوتی بۆ دەوڵەتی داهاتووی بایدن زۆر ئەستەمە کە بتوانێ جارێکی دیکە ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی بگەڕێنێتەوە.
ئابرامز ئەم بۆچوونانەی لە وتووێژێکی لەگەڵ هەواڵنێران لەکاتی سەفەر کردنی بۆ ئیسرائیل خستەڕوو کە، بەتوندی دژی ڕێککەوتنی ناوکی ڕێژیمی ئێرانە و گوتی؛ بەڕاستی گرینگ نییە لە داهاتوودا کێ دەبێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە هەر حاڵەتێک و هەر دۆخێکدا بێ هیچ وتووێژێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئەنجام نادرێت و گوشاری گەمارۆکانیش هەروا بەردەوام دەبن دژبەو ڕێژیمە.
ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە تا کاتێک ڕێژیمی ئێران بە تەواوی هەڵسووکەوتی خۆی نەگۆڕێ گەمارۆکان دەژ بەو ڕێژیمە توندتر دەبن و گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە تەنیا بە بابەتی چالاککردنی ناوکی سنووردار نابێ بەڵکوو بابەتی مافی مرۆڤ و پشتیوانی تاران لە تێرۆریزم هۆکارن بۆ بەشێک لەم گەمارۆیانە.