سێ هاونیشتمانیی خەڵکی شارەکانی مەریوان، بۆکان و ناوچەی هەوشار بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، سەربازێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی (پەیام عەبدی) لە پایگای هێزی ئینتزامیی “تیکانتەپە” سەر بە بۆکان، بە چەکەکەی خۆی کۆتایی بە ژیانی هێنا.
لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەر، لاوێکی ١٨ ساڵ بە ناوی “مێهران قەدیری” خەڵکی ئاوایی مەحمودئاوا سەر بە ناوچەی هەوشار، بەهۆکاری ناڕوون لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لە هەمان ڕۆژدا و لە شاری مەریوان، ژنێکی لاو بە ناوی “ئازیتا ئەمیری” بەهۆی کێشەی خێزانییەوە پەنا بۆ خۆکوژیی برد و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ناوبراو دایکی منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵان بووە.
شایانی باسە کە ئاماری خۆکوژیی لە ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە کە بەپێی ئامارەکانی پزیشکی یاسایی ئێران، لە ٧مانگی ڕابردوودا لە ڕۆژهەلاتی کوردستان ١٢٢ کەس لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بە بەراود لەگەڵ ئاماری ساڵی پارخۆکوژییەکان لە ئێران لە سەتا ٢٥ بەرز بووەتەوە و جێی ئاماژەیە کە ٣٢ کەسیان مناڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ بوون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە دۆخی کۆمەڵگە بە شێوەیەکە کە ژنان و کچان لە کۆمەڵگەی ئێراندا زیاتر لە ژێر گوشاردان و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە هەوڵدان بۆ خۆکوژییەکان لە نێوان ژناندا بەرزتر بۆتەوە و ژنان سێ بەرابەری پیاوان هەوڵی خۆکوژیی دەدەن.
هەژاری، نەبوونی هیوا بە داهاتوو، خەمۆکی، بێکاری لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژیین لە ئێران و کوردستاندا و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردن یا کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە لە نێو کۆمەڵگەدا نەداوە.











