خاتوو زارا ئارمیدە، هاوسەری شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری٩٩ی هەتاوی، خاتوو” زارا ئارمیدە” هاوسەری شەهید” ڕەسووڵ ئازوردە” لە گوندی حەسەنچەپ سەر بە شاری مەهاباد، بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە شەهید”ڕەسووڵ” پێشمەرگەیەکی قارەمان و ئازای مەلبەندی سپیسەنگ بوو کە بەداخەوە لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە گەڵ نەیارانی حیزب و گەلەکەمان لە ساڵی ٦٣ی هەتاوی، شەهید دەبێ و گیانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان دەکا.
خاتوو زارا، دوای شەهید بوونی هاوسەرەکەی ئەرکی سەرپەرەستی و بەخێوکردنی سێ کچ و تاقەکوڕەکەی دەکەوێتە سەرشان و بەو پەڕی فیداکاری و لە خۆبردووییەوە، جێگای خاڵی هاوسەرە شەهیدەکەی بۆ منداڵەکانی پڕ دەکاتەوە و تاکۆتایی تەمەنی دڵی بۆ ئازادی نیشتمانەکەی لێدەدا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی خاتوو” زارا ئارمیدە” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.