لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەیکە ئاوی خواردنەوەی شاری سنە پیسە و کێشەکەش لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە چارەسەر ناکرێت، خەڵک کەمپەینێکیان پێک هێناوە.
لە سنە کەمپەینێک لەژێر ناوی “کەمپەینی داواکاری بۆ ئاوی خواردنەوەی باش بۆ خەڵکی سنە” پێک هاتووە و خەڵک داواکارییەکانیان لەو کەمپەینە خستووەتە ڕوو.
لە ڕاپرسییەکدا کە لەو کەمپەینە دانراوە، لە کۆی ٧ هەزار و ٦٦١ کەس، ٩٣ لەسەدی خەڵک دەنگیان بەوە داوە کە ئاوی سنە بۆ خواردنەوە نابێت.
هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، جێگای سەرسووڕمانە کە کاربەدەستان ئەوەندە کەمتەرخەم و بێئاگان کە تەنانەت هیچ لێدوانێکیش لەو بارەوە نادەن.
شایانی باسە کە ماوەیەکی زۆرە کە ئاوی خواردنەوەی سنە بۆن و ڕەنگێکی ناخۆشی هەیە و خەڵکی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیم بەڵێنگەلێکی زۆری لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدا دابوو، بەڵام تا ئێستاش هیچ هەوڵێکی بە کردەوە ی ئەنجام نەداوە.