دایە “حوسنی بازرگان” دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، دایە”حوسنی بازرگان”، دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە هۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد کۆچیدواییکرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
دایە حوسنی بازرگان، دایکی دوو شەهیدی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوەکانی شەهیدان” فایق کەریمی و ڕەزا کەریمی” بوو کە لە ئێعدامی ٥٩ و ٣٢ لاوی مەهاباد، بە دەستی جەلادەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسێدارە درابوون.
شایانی باسە کە دایە “حوسنی”، لە نێو خەڵکی مەهاباد دا، وەک دایکێکی شۆڕشگێر و دایکی دوو شەهید، هەموو کات خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی مەهاباد بوو و هەمووکاتیش بە شانازییەوە باسی لە دوو ڕۆڵەی شەهیدی دەکرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەڕبرینی خەم و پەژارەی خۆمان بە بۆنەی کۆچیدوایی دایە ” حوسنی بازرگان “سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











