پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی”ڕەحمان مستەفایی” بە هۆی جەڵتەی دڵەوە، لە شاری بانە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە کاک “ڕەحمان” ساڵی ٥٨ی هەتاوی، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لەبەر دەکا و لە هێزی شەهیدانی وێردی ئەوکاتدا سازمان دەدرێ و دوای ماوەی نزیک بە ساڵێک بە هۆی لێهاتووی دەبێتە کادری ناوچەی مەیدانان و بەو پەڕی دڵسۆزییەوە درێژی بە کارو تێکۆشانی بۆ خزمەت بە حیزب و گەلەکەی دەدا و ساڵی ٦٣ی هەتاوی، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و لە سەرئیزنی حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە بۆ نێۆخۆی وڵات و تا کاتی گیانلەدەستدانی، وەفادار بە رێگا و ڕێبازی شەهیدان دەمێنێتەوە و دڵەگەورەکەی بۆ ئازادی کوردستان لێدەدات.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربرینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک”ڕەحمان مستەفایی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.