ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕوو لە جۆبایدن، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکا و دەڵێ: “گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام” هەڵەیەکی گەورەیە و نابێ ئەمریکا تووشی ئەو هەڵەیە ببێتەوە”.
هێربێرت ڕیمۆند، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی، ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەری”فاکس نیوز” گوتی: هەڵەیەکی گەورەیە کە ساڵ بۆ دواوە بگەڕێتەوە و وڵاتی ئەمریکا بچێتەوە نێو ڕێککەوتنی “بەرجام”، ئەو ڕێککەوتنە کارەساتێکی سیاسی بوو کە وەکوو سەرکەوتنێکی دیپڵۆماسی نمایش کرا.
ناوبراو ڕووی قسەکانی دەکاتە جۆبایدن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا و دەڵێ: شیاو نییە ئەگەر وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەسبەکار بووی خێرا بگەڕێیتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام.
هێربێرت لە درێژەی وتووێژەکەیدا دەڵێ: ئەو هەڵسووکەوتەی “جان کێری” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتی خۆیدا لە گەڵ ڕێژیمی ئێرانی کرد، هەڵسووکەوتێکی نەشیاو و سیاسەتێکی دۆڕاو بوو، ڕێککەوتنی “بەرجام” کارەساتێکی مێژووی بوو کە دەوڵەتی ترامپ خێرا لەو ڕێککەوتنە کارەساتبارە هاتەدەرەوە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران، لە دوای ڕێککەوتنی”بەرجام” بە میلیۆنان دۆلاری دەسکەوت کە هەمووی خەرجی گرووپە میلیشیاکان و پەرەپێدان و پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستەکان لە جیهاندا کرد.
ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێ: بە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهاندا و بەردەوام لە هەوڵدایە لە ڕێگای میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و جێهاندا بکا و بە زۆر هۆکاری دیکە پێشنیار بە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا دەکەم نەتەنیا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام، بەڵکوو دەبێ گەمارۆی زیاتر بە سەر ئێراندا بسەپێنێ.