فاتمە داوەند یەکێک لە دەسبەسەر کراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری، ڕابردووی شاری بۆکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) ، فاتمە داوەند، یەکێک لە دەسبەسەر کراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ی خەزەڵوەری، ٩٩ی هەتاوی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری بەرپرسانی بەندیخانە و دژایەتی ئازادی ناوبراو بە پاوەنی ئیلێکترۆنییەوە، مانی لە خواردن گرت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ورمێ، فاتمە دادوەند دوای ئەوەی مانی لە خواردن گرتووە، لەلایەن هێزەکانی بەندیخانە بۆ بەندی ئەمنیی ئەو بەندیخانەیە گوازراوەتەوە.
شایانی باسە کە فاتمە دادوەند تەمەن ٤٢ ساڵ و دایکی سێ منداڵ، رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری، ٩٨ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە بریندار ببوو، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە و پاش ٣٠ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمی.
ئەو چالاکە کوردە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی، ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری بۆکان دادگایی و بە تۆمەتی ”شێواندنی ئاسایشی گشتیی کۆمەڵگە“ حوکمی پێنج مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بە سەردا سەپاوە.
ناوبراو هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ”جەواد غوڵامی“ جارێکی دیکە دادگایی کراوە و بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات“ حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
جێگای ئاماژەیە فاتمە دادوەند ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەڕی،٩٩ی هەتاوی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.