سپای پاسدارانی کۆماری ئێسلامیی ئێران، لە ترسی دووبارە دەسپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە مانگی خەزەڵوەردا، دەستی کردوە بە سەرکوت و دەسبەسەرکردنی بەر بڵاوی خەڵک لە هەموو شارەکانی ئێراندا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییەکان، لە بەرەبەری یەکەمین ساڵەوگەڕی نارەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، کە بە هۆی سەرکوتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، زیاتر لە ١٥٠٠کەس کوژران و بە سەدان کەس بریندار و زیاتر لە ٧ هەزار کەس دەسبەسەرکران، ڕێژیم بە هۆی ترس لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان لە ڕێگای سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە هەموو شارەکانی ئێراندا دەستی بە سەرکوت و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی “ئەلعەرەبیە” بنکەکانی بەسیج و سپای پاسداران، لە هەموو شارەکانی ئێراندا بڵاوەیان پێکراوە و لە حاڵەتی ئامادە باشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ناڕازی لە ئەگەری دووبارە سەر هەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان و تەنانەت ڕۆژانی پشووی فەرمیی لە گەڕەک و شەقامەکاندا هێرش دەکەنە سەر کۆبوونەوەی زیاتر لە ٣ کەس و دەسبەسەریان دەکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا دادئەستێنی شاری “بێهبەهان” لە چەند ڕۆژی رابردوودا بە سەدان کەسی بە بیانووی بەشدار بوون لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا، بانگهێشتی دادگا کردووە و بە تۆمەتی هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نەتەوەی لێپرسینەوەیان لە گەڵ دەکا.
چالاکانی یاسایی بانگهیشت نامەیەکیان بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەسانەی کە دادسەرای گشتی بانگهێشتیان دەکا، دەبێ بە زووترین کات و لانی زۆر تا ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر خۆیان بە دادسەرای گشتی بناسێنن و هەرکەس سەرپێچی لەم بڕیارەی دادسەرای گشتی بکا بە توندترین شێوە سزا دەدرێ.
بەپێی بانگهێشتنامەکانی دادسەرای گشتی ئێران، بانگهێشت کراوان بە تۆمەتی ” کۆبوونەوەی نایاسایی بە دژی ئاسایشی نەتەوەی، بێڕێزی بە خامنەیی و هەوڵدان بوو ڕووخانی ڕێژیم” بانگهێشتی دادسەراکان دەکرێن.
شایانی باسە کە لە نێوان بانگهیشت کراواندا بنەماڵەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی تێدایە و بەرپرسانی ڕێژیم، هەڕەشەیان لێکردوون کە تەنانەت نابێ لەو ڕۆژانەدا لە سەر گۆڕی منداڵ یان کەسوکاریان کۆببنەوە و لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەم بڕیارەی ڕێژیم، ئەو بنەماڵانە دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەیان لە گەڵ دەکرێ.
جێگای ئاماژەیە کە “ئانتۆنیۆ گۆتێرێس” سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ئەو ڕێکخراوەیە باس لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەکا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران، بە دەسبەسەرکردن، کوشتن، ئەشکنجە و سێدارەی خەڵکی ناڕەزای و سزادانیان بە توندترین شێوە، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هیچ ڕێساویاسایەکی مافی مرۆڤ ڕەچاو ناکا و بەردەوام مافی خەڵکی ئێران پێشێل دەکا.