باڵوێزی ئێران لای حوسییەکان بە تۆمەتی سیخوڕی بانگهێشتی دادگای سەربازیی یەمەن کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، دادئەستێنی سەربازیی یەمەن، سکاڵای بە دژی “حەسەن ئیرلوو” باڵوێزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران، لە لای میلیشیا حوسییەکان بە تۆمەتی بەقاچاخ هاتنە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە بە مەبەستی سیخوڕی و هاوکاری لە گەل میلیشیا تێرۆریستەکانی یەمەن و هەوڵدان بە دژی ئاسایشی گشتیی یەمەن، لە لای دادگای سەربازی ئەو وڵاتە تۆمار کرد.
لە دانیشتنی دادگای سەربازی بە سەرۆکایەتی دادوەر”عەقیل تاجەدین” و بە بەشداری دادئەستێنی گشتیی سەربازیی یەمەن، ” عەبدوڵڵا حازری” کەیسی “ئیرلوو”ی باڵوێزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشکەش بە دادگا کرا.
شایانی باسە کە “سەعید خەتیبزادە”، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، مانگی ڕابردوو رایگەیاند کە ” حەسەن ئیرلوو” یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئێرانە کە وەکوو باڵوێزی ئێران نێردرایەوە شاری” سەنعا”.
جێگای ئاماژەیە کە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، هەر ئەوکات ئەم کارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە ناردنی پاسدارێکی وەکوو “حەسەن ئیرلوو” تەنیا مەبەستی ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانە لە وڵاتی یەمەن و ئەم کارەی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا.
لە دانیشتنی دادگا سەربازیەکەی یەمەندا، دادئەستێنی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە “حەسەن ئیرلوو “هیچ پیشینەیەکی وەکوو دیپلوماتکار نییە و تەنیا بە مەبەستی کاری تێکدەرانە هاتوەتە نێو وڵاتی یەمەن و دادگای یەمەن ناوبراوی بە تۆمەتی سیخوڕی مەحکووم کرد.