مەلک سەلمان بنعەبدولعەزیز، پاشای عەرەبستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد کە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ دەستڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ناوکی ببنەوە.
بەپێی ڕاپورتی هەواڵدەری”واس”، هەوالدەریی فەرمی عەرەبستان “مەلک سەلمان”، پاشای عەرەبستان شەوی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، بەجەخت کردنەوە لە سەر ئەوەیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمە لە ناوچەکە و جیهاندا و بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیرییە، داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە ئیزن نەدەن وڵاتێکی سەرەڕۆ و ئاژاوەگێڕی وەکوو کۆماری ئێسلامیی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی.
هەروەها ناوبراو بەجەخت کردنەوە لە سەر ئەوەیکە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەرپرسیارە لە هەمبەر سەرەڕۆیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: “دەبێ هەموو وڵاتانی جیهان بە کۆدەنگی ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژی، پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالێستیک، دەستێوەردانەکانی لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی جیهان و پشتیوانی لە تێرۆریزم ببینەوە”.