عیسا کەلانتەری سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیم گوتی ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٤١٠ بەدواوە کێشەی بێ ئاوی ڕوو لەئێران دەکات بەجۆرێک کە چارەسەر کردنی مەحاڵ دەبێت وتەنانەت گواستنەوەی ئاوی دەریاش کێشەکە چارەسەر ناکات.
پێشتریش “عیسا کەلانتەری” بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕێژیم، پێشبینی ئەوەی کردبوو کە هەتا ٥٠ ساڵی دیکە پاشەکەوتی ئاوی ژێرزەویی لە ئێراندا کۆتایی پێ دێت و هەروەها یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیم باسی لە ئاڵۆزی و قەیرانی ئاو لە ٣٣٠ شاری ئێران، بە زیاتر لە ٣٠ میلیۆن حەشیمەتەوە کردووە.
کێشەی کەمئاوی و نەبوونی ئاوی پێویست لە ئێراندا، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی کەڵک وەرگرتن لە ئاو لەو وڵاتەدا زۆر زیاتر لە ستانداردی جیهانییە.
وڵاتی ئێران به بەکارهێنانی لەسەدا ٨٠ی سەرچاوە ئاوییەکان هێڵی سووری جیهانی تێپەڕ کردووە.
پسپۆڕانی ژینگە لەهەمبەر کێشەی بێئاوی لە ئێراندا هۆشدارییان داوە کە کەڵک وەرگرتنی بێسنوور و ناستاندارد لە ئاوە ژێرزەوییەکان و گۆڕینی جۆغرافیای سروشتی بەهۆی بەرنامەکانی ڕێژیم، بۆ نموونە سازکردنی بەنداوەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنە ئارای ئەم دۆخەن.
دروستکردنی بەنداو، وەرزێری نایاسایی و بێ بەرنامە و هەروەها سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم قەیرانی ئاویان کردووەتە پرسێکی ئەمنییەتی.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنانەت بەزەیی بە سەرچاوە ئاوییەکاندا نایەت و هەروا بە ئاسانی بۆ بەرژەوەندی بەرپرسان و ڕێژیمەکەی خۆی بەکاریان دێنێ.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە تاکە سەرچاوەی ژیانی خەڵکی ئێران لە ١٠ساڵی داهاتووشدا کاری کشتووکاڵی و وەرزێرییە ئەویش کۆماری ئیسلامی بەهۆی پلانەکانیەوە لێیان زەوت دەکات و بە تاڵانی دەبات.