ڕێکخراوی ئاسایشی نۆروێژ داوای لە وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە کردوە کە ئاخوندی ئێرانی و بەرپرسی ناوەندی شیعەکان “ئیمام عەلی” لە شاری ئۆسڵۆ بە هۆی پێوەندی و هاوکاری لە گەڵ ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە دەر بکا.
بەرپرسی ئاسایشی گشتیی وڵاتی نۆروێژ خاتوو” هان بلومبێرگ” لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەرییەکانی نۆروێژ ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوەندە ئایینی و مزگەوتەکان، بە مەبەستی سیخوڕی، کۆکردنەوەی زانیاری و کاری تێکدەرانە کەڵک وەردەگرێ.
لەم بەیاننامەیەدا کە دەزگای ئاسایشی نۆروێژ بڵاویکردوەتەوە هیچ ناوێک لەم ئاخوندە نەهاتووە، بەڵام ماڵپەڕی ڕادیۆ”فەردا” ڕایگەیاند کە بەپێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانمان ناوی ئەو ئاخوندە” موستەفا موتەهێری”یە کە بەرپرسی ناوەندی” ئیمام عەلی”یە لە شاری ئۆسڵۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نۆروێژ دەوڵەتی نۆروێژ ڕایگەیاند کە بە دوای ئەوەیکە چەندین ڕاپۆرتمان بۆ هاتووە کە بەرپرسی ناوەندی ئایینی “ئیمام عەلی” لە گەڵ دەزگای زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێران پێوەندی هەیە و هاوکارییان دەکا، ڕێکخراوی ئاسایشی نۆروێژ داوای لە دەزگای قەزایی ئەو وڵاتە کردوە کە ئەم ئاخوندە لە وڵاتی نۆروێژ دەر بکا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی نۆروێژ ئاخوند” مستەفا موتەهێری” تۆمەتبارە بە هاوکاریکردنی دەزگای زانیارییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەروەها پێوەندی لە گەڵ ئاخوندێکی دیکەی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، کە پێشتر لە وڵاتی دانمارک بە تۆمەتی پیلان داڕشتن بۆ تێرۆری چالاکانی سیاسی ئەهوازی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کرا بوو.
شایانی باسە کە چەند مانگ پێش ئێستا وڵاتی دانمارک ئاخوندێکی ئێرانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژی بە تۆمەتی سیخوڕی و پیلان داڕشتن بۆ تێرۆری دژبەرانی ڕێژیمی ئێران، لە خاکی وڵاتی دانمارک مەحکووم کردبوو.