چوارەمین فستیڤاڵی شانۆی کەمئەندامانی زاگرۆس بە بەشداریی ١٩ گرووپی شانۆ لە پارێزگاكانی هەمەدان، لۆرستان، سنە، ئیلامو كرماشان لە سنە دەستی پێكرد.
بەپێی ڕاپۆرتی دەفتەری ئەم فستیڤاڵە سەرجەم ٧٨ بەرهەم بۆ ئەم مەبەستە ئامادە كراون كە لەم بەینەدا ٤٤ بەرهەم لە بەشی مناڵان و مێرمنداڵاندا پێوەندییان بە بەشی پیشاندان لە سەر سێن هەبوو و ٣٤ بەرهەمی دیكەش تایبەت بە پیشاندران لە سەر شەقام بوون.
لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە كە لە نێو سەرجەم ئەم بەرهەمانەدا ٣٣ گرووپ گەیشتوونەتە قۆناغی پێداچوونەوە كە پاش تێپەڕكردنی ئەم قۆناغەش ١٩ گرووپ بە مەبەستی پیشاندران لە ماوەی بەڕێوەچوونی ئەم فستیڤاڵەدا هەڵبژێردراون. هەروەها ٨ گرووپی شانۆ لە بەشی سەر شەقام، 3 گرووپ لە بەشی مناڵان و مێرمناڵان و٨گرووپی دیكەی تایبەت بە بەشی نێو ساڵۆن، لە ماوەی ٣ ڕۆژی ئەم فستیڤاڵەدا لەگەڵ یەكتر ڕكەبەرایەتی دەكەن.
شایانی باسە قوتبەدین سادقی، ئەفسەر ئەسەدی و فاتمە فەخری، وەك ناوبژیوانی چوارەمین فستیڤاڵی ناوچەیی شانۆی كەم ئەندامانی زاگرۆس دیاری كراون.