مایک پۆمپئێۆ: دەوڵەتی ئەمریکا ڕووبەرووی هەموو چالاکییەکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێتەوە کە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتی ئەمریکا.
مایک پۆمپئێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمی تویتێرەکەیدا نووسی کە دەوڵەتی ئەمریکا ڕووبەرووی هەموو هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێتەوە کە ببێتە هۆکار و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و بە توندترین شێوە سزای دەدەین.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: ” سیاسەتی ئێمە زۆر ڕوون و ئاشکرایە، هەرکەس و وڵاتێک بیهەوێت لە گەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بازرگانی بکا، لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی دەخرێتە سەر.
پۆمپئێۆ لە لاپەڕەی فەرمی تویتێرەکەیدا لە هەمبەر هەر جۆرە بازرگانی کردنێک لە گەڵ ئێران هۆشداری دەدا و بە زمانێکی توند و بە هەڕەشەوە دەڵێ: “ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە بیانهەوێت گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەور لێبدەنەوە و بازرگانی لە گەڵ ئەو وڵاتە بکەن، ئەوە لە لایەن ئەمریکاوە سزا دەدرێن و گەمارۆی قورسیان دەخرێتە سەر.
ناوبراو هەر لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەبەستی داڕشتنی گەڵاڵەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدایە سەردانێکی وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەم.
شایانی باسە کە ئەم لێدوانە نوێیانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هاوکاتە لە گەڵ گەمارۆ خستنە سەر ١٠ کەسایەتی و کۆمپانیای ئێرانی لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، گەماروگەلێکی نوێی بە سەر ٤ کەسایەتی و ٦ کۆمپانیای ڕێژیمی ئێراندا سەپاند.
جێگای ئاماژەیە کە گەمارۆ نوێیەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ” محەممەد بەنی هاشمی و محەممەد سوڵتان محەممەدی” لە ئێران و ” سۆن شی می و هوانگ شین هووا” لە تایلەند و هەروەها کۆمپانیای پیشەسازی” ئارتین تابان، کۆمپانیای بازرگانی” هودا” و کۆمپانیای پیشە سازی”ناز”ی کردۆتە ئامانج و پێدەچێ چەند کۆمپانیایەکی دیکەش بخاتە لیستی گەمارۆکانەوە.