نایجێل شۆرت، جیگری سەرۆکی فیدراسیۆنی جیهانی شەترەنج لە وتوویژێکدا لە گەڵ کاناڵی ئینتێرناشناڵ گوتی: “ئێران هەموو کاتێک لە یاساکانی فێدراسیۆنی جیهانی لایداوە و دەبێت سزا بدرێت”.
شۆرت، هەروەها ڕایگەیاند، پێشنیارمان بە فیدراسیۆنی شەترەنجی بریتانیا کردووە کە فیدراسیۆنی شەترەنجی ئێران هەڵپەسێرێت.
ناوبراو باسی لەوە کردووە، لە ئەگەری پێشێلکردن و لادان لە یاساکانی ئەو فیدراسیۆنە، فیدراسیۆنی ئێران لەو کێبڕکێیە بێبەش دەکرێت.
ساڵی ڕابردووش فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی “جۆدۆ”، ئەندامییەتیی فیدراسیۆنی جۆدۆی ئێرانی بەهۆی ئەوەیکە نەیهێشت وەرزشوانانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ڕکابەرە ئیسرائیلییەکان کێبڕکێ بکەن، هەڵپەسارد.
هەروەها بڕیار بوو کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لەلایەن فیدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێی جیهانیی هەڵپەسێردرێت.
وەرزشوانانی ئێران بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن ڕێژیمەوە ئیزنیان پێ نادرێت لەگەڵ وەرزشوانانی ئیسرائیلی یاری بکەن لەگەڵ سزای فیدراسیۆنەکانی وەرزشی جیهانی ڕووبەڕوو دەبنەوە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران نەک هەر هیچ خێروبێرێکی بۆ لاوانی ئەو وڵاتە نەبووە، بەڵکوو بە کردەوە و بە پێشێلکاری یاسا نێونەتەوەییەکان ڕێگر بووە لەوەی کە لاوان بگەن بە حەز و خولیاکانی خۆیان.
هەروەها ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بیر لە بەرژەوەندی تاکەکەسیی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە دەکاتەوە کە بە ئاشکرا مافی لاوان و هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە پێشێل دەکات.