ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، “هاڵەی قائێم” بەرپرسی گرووپی ئێپدیۆلۆژی زانکۆی پزیشکی شیراز هۆشداری داوە بە ناوەندە پێوەندیدارەکان کە ئەگەر بێتو بە شێوەی جیددی و بە وردی وڵات قەرەنتینە نەکرێ هەموومان تووشی پەتای کۆرۆنا دەبین و لەناو دەچین.
پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٩ مانگ لە تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا لە ئێران و گیان لە دەستدانی چەند هەزار کەس بە هۆی تووشبوون بەو پەتایە لە ئێران، هێشتا ئەو نەخۆشییە بووتە بەڵای گیان و تەندروستی هاووڵاتییانی خستۆتە مەترسییەوە.
بە پێی تازەترین ئامارەکان تەنیا لە ۴۶۲ شاری ئێران ڕێژەی گیان لەدەستدانەکان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە، ۱۴۸هەزار و ۶۰۰ کەسی تێپەڕاندووە.
هەر بەپێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رێژیم، لە ۲۴کاتژمێری ڕابردوودا ١٠هەزار و ٤٦٣ کەس لە ئاستی ئێران تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ڕێژەیەش ٥هەزار و٥٦١ کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئەمەش باس لە قەیراناویی بوونی پەتای کۆرۆنا لە ئێران دەکات.
هەروەها یەکێک لە نیگەرانییەکانی شارەزایانی تەندروستی و چالاکانی مەدەنی، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمە لە ئاست زیندانیان و ڕاگیراوانی ناو بەندیخانە و گرتنگەکانە.
ڕاپۆڕتەکان باس لەوە دەکەن لە بەندیخانەکانی شارەکانی ورمێ و سنە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە هەڵکشان دایە و تەنانەت ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی دەستکێش و دەمامەک لە نێوان زیندانیاندا دابەش نەکراوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی “همشهری” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە بەهۆی کەمکارییەکان و ڕەچاو نەکردنی ڕێنوێنییە تەندروستییەکان لە هەر سێ خولەک کەسێک بە هۆی کۆرۆناوە لە ئاستی ئێران گیانی لە دەستدەدا.
شایانی باسە کە “فەرید نەجەفی” جێگری زانکۆی پزیشکی کرماشان ئاشکرای کرد کە لە ئاستی جیهاندا لە هەر ٥٠ کەسی تووشبوو بە کۆرۆنا لەوانەیە یەک کەس گیانی لە دەست بدا، بەڵام لە ئێران ئەو ڕێژەیە بۆ ١٨ کەس بەرزبووەتەوە.
ناوبراو نەبوونی ستانداردی جیهانی لە بواری پزیشکی و کەمتەرخەمیی بەرپرسان و دۆخی ئابووریی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا ناوبرد.