کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و لایەنگرێکی دڵسۆزی حیزب لە ناوچەی دیواندرە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و لایەنگرێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە ناوی مام” عەبدولکەریم باسرم” خەڵکی گوندی”گەونتوو”ی ناوچەی دیواندەرە بە هۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری سنە ماڵاوایی لەژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە مام”عەبدولکەریم” کەسایەتی دیار و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بووە و بە هۆی لایەنگری و ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ حیزبی دێموکراتی هەبووە، لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێ و بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە بەندیخانەی شاری سنە بە تۆمەتی لایەنگری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا زیندان دەکرێ.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی مام” عەبدولکەریم باسرم” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەس و کاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.