ڕۆیتێرز: دەوڵەتی ئەمریکا، گەمارۆی نوێ دەخاتە سەر ئەو کەس و ڕێکخراوانەی کە لە سەرکوت و کوشتنی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە ئێران بەشداربوون.
هەواڵدەری” ڕۆیتێرز” لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی سێشەممە٢٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ئەمریکا حەوتووی داهاتوو گەمارۆ دەخاتە سەر چەندین کەس لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین ڕێکخراوی دەوڵەتی ئەو وڵاتە کە دەستیان لە سەرکوت و کوشتنی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێراندا هەبووە.
هەواڵدەری”ڕۆیتێرز” بڵاویکردەوە کە ئەم گەمارۆیانە لە ساڵوەگەڕی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر بە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەسەپێ.
جێگای ئاماژەیە کە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێران یەکێک لە پڕ کوژراوترین و خوێنینترین ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئێرانە لە دوای شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی، کە لەم ناڕەزایەتییانەدا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم کوژراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵدەری”ڕۆیتێرز”ی ڕاگەیاندوە کە ئەم گەمارۆ نوێیانە کە حەوتووی داهاتوو لە لایەن دەوڵەتی “ترامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە دەیان کەس لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران و دەیان ڕێکخراوی دەوڵەتی ڕێژیم لە تاران دەگرێتەوە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووەکە واشینگتۆن لە چەند مانگ پێش ئێستاوە سەرقاڵی داڕشتنی گەڵالەیەک بووە کە بتوانێ گەمارۆی قورس بخاتە سەر ئەو کەس و ڕێکخراوانە کە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر لە ئێراندا، خەڵکی بێ تاوانیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتووە و زیاتر بەرپرسانی ئاسایشی دەوڵەتی لە ڕێکخراوە فەرمییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرێتەوە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوای تێپەڕ بوونی ساڵێک بە سەر سەرکوت و کوشتنی ناڕازییانی مانگی خەزەڵوەر تەنیا دانی بە کوشتنی ٢٢٥ کەس داناوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و بە سەدان کەسیش لەو ناڕازییانە ئێستا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدان.












