حاجی عەبدوڵڵا عەباسی، خەڵکی گوندی قەرەڵی بۆکان و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، حاجی “عەبدوڵڵا عەباسی” باوکی شەهید ” یووسف عەباسی” و برای شەهید” عوسمان عەباسی” خەڵکی گوندی”قەرەڵی” بۆکان بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە کۆچیدوایی کرد و بۆ هەمیشە دڵەگەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە حاجی “عەبدوڵڵا عەباسی” کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر، جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکەو لە بنەماڵەیەکی دێموکراتپەروەردا ژیاوە و بە هۆی خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمانەکەی و لە پێناو ئازادی گەلی کورددا کوڕێکی بە ناوی شەهید” یووسف عەباسی” پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە و هەروەها برایەکیشی بە ناوی شەهید” عوسمان عەباسی” لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا و بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی گەلی کورد گیانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە شەهید”یووسف عەباسی” ناسراو بە “عەباس بێکەس”، پێشمەرگەیەکی ئازاو چاونەترسی حیزبی دێموکرات بووە کە لە پاییزی ساڵی ٦٤ی هەتاوی، لە مەئمورییەتێکی پێشمەرگانەدا دەکەوێتە کەمینی دوژمنانی گەلی کوردەوە و، بە داخەوە شەهید دەبێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمرانی حیزب و گەل دەبێ.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی حاجی” عەبدوڵڵا عەباسی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.