ژووری کاری بەرپرسی”کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم” ڕایگەیاند کە ماوەی دوو مانگ دەبێ کە لاپەڕەی فەرمی ئەم ئەندامە سەرەڕای پێداگرییەکانمان لە لایەن تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێرەوە داخراوە و تائێستاش ئەو لاپەرەیە هەڵپەسێردراوە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری “ئیلنا”، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، ژووری کاری”موحسین ڕەزایی” ڕایگەیاند کە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر، لاپەڕەی فەرمی سەرۆکی “کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام”ی بێ هیچ پاساوێک داخستووە.
لەدرێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووەکە پێشتریش تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینیستاگرام، سێ جار و هەر جارێک بۆ ماوەی ٣ مانگ لاپەڕەی فەرمی ئینیستاگرامی”موحسین ڕەزایی” داخستووە.
ژووری کاری “ڕەزایی” ڕایگەیاند کە زیاتر لە دوو مانگ دەبێ کە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر لاپەڕەی فەرمی ناوبراویان بێ هیچ پاساوێک داخستووە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانمان تائێستا هیچ جوابێکمان لە لایەن بەرپرسانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێرەوە پێ نەدراوەتەوە، ئەگەر داخرانی لاپەڕەی تویتێرەکەی ناوبراو بەردەوام بێ ناچار دەبین لاپەڕەیەکی نوێی بۆ بکەینەوە لە تویتێر.
شایانی باسە کە ساڵی ڕابردوو بەرپرسی کاروباری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی جیهان کردبوو کە لاپەڕەی فەرمیی بەرپرسە ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخەن.
برایان هۆک، لە وتووێژێکدا لە گەڵ کاناڵی هەواڵی بۆلێمبێرگ، داوای لە هەموو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا کرد بەهۆی پشتیوانی کردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تێرۆریزم، لاپەڕەی فەرمیی بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخەن.