دوکتور ئەنوەر قەرقاش، وەزیری ڕاوێژکاری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بۆ کاروباری دەرەوەی وڵات، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسی” کۆبوونەوەی ئێستراتیژیکی ئەبووزەبی” گوتی: هەموو وڵاتان دەبێ ڕێز لە سەروەریی نەتەوەیی وڵاتانی دیکە بگرێ.
ئەنوەر قەرقاش لەم کۆنفڕانسەدا بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەیکە هیچ جیاوازییەک لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیەدا نییە گوتی: ڕێژیمی ئێران و تورکیە بە بێ جیاوازی و بە دەستێوەردانەکانیان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی پیلانە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەکانیان لە ناوچەکە کەڵک وەردەگرن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە ئێستاش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەکوچۆڵ ڕەوانەی وڵاتی یەمەن دەکا گوتی: تاران پشتیوانی ماڵی و چەکوچۆلی لە میلیشیا چەکدارە تێرۆریستە نایاساییەکان دەکا و وڵاتی تورکیەش بە کەڵک وەرگرتن لەو بۆشاییە ئەمنییەتییەی”لیبی” پشتیوانی لە میلیشیا چەکدارە توندڕەوە ئیسلامییەکان بە مەبەستی ناسەقامگیری ناوچەکە دەکا.
“قەرقاش” لە درێژەدا باس لەوە دەکا کە ئێمە ناتوانین دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە کە هۆکاری ناسەقامگیری لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بەگشتی پشتگوێ بخەین و دەبێ بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی دەستێوەردانەکانی ئەو دوو وڵاتە ببینەوە.
دوکتور “ئەنوەر قەرقاش” لە درێژەدا دەڵێ: لە لای هیچ کەس و وڵاتێک شاراوە نییە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریستە لە ناوچەکەدا و بۆ گەیشتن بە ئامانجە تێکدەرانەکانی بەردەوام بە ناردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا تێروریستەکان پشتیوانییان لێدەکا و هۆکاری سەرەکیی لە ناچەکەدایە و دەبێ بە هەموو هێز و توانامانەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە ببینەوە.