دوو هاونیشتمانیی خەڵکی خورخوڕەی مهاباد لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرانەوە.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی ئاوایی خوڕخوڕە سەر بە شاری مهاباد بە ناوەکانی “سلێمان کەریم پوور و خالید محەممەدزادە” دوای ٦٦ ڕۆژ لێپرسینەوە و ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی خوڕخوڕەی دەشتی شاروێرانی سەر بە شاری مهاباد لە شوێنەک بە ناوی “شەبەک” ئەو دوو هاونیشتمانییەیان بە گومانی پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەرەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ناوچەیە بە چاونیوزی ڕاگەیاندبوو کە نزیک ٣٠ ماشینی سپای پاسداران بە تەواو کەرەسەی نیزامی و چەکی نیوەقوورس ڕژابوونە خوڕخوڕە و دوای گەڕان و پشکنینی ناوچەکە “سلێمان کەریم پوور و خالید محەممەدزادە” کە سەرقاڵی کاروباری باغداری بوون دەگرن و دەگەڵ خۆیان دەبەن و دوای تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات دەگوازرێنەوە بۆ زیندانیی ناوەندیی ورمێ.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە هەمیشە بە دژی ئازادیخوازان و جیابیران وەستاوەتەوە و ساڵانە بە سەدان کەس بە بیانووی جۆراوجۆر و وەپاڵدانی تۆمەتی ناڕەوا حوکمی بەندکران و زیندانی درێژماوەیان بە سەر دادەسەپێنێ.