محەممەد سەدر، ئەندامی کۆری دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام ڕۆژی دووشەممە١٩ی خەزەلوەر، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی (همشهری) وتی: ئێران حازرە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا لە چوارچێوەی ٥+١ دەست پێبکاتەوە.
ناوبراو رایگەیاند کە لە ئیددیعای ئەوەیکە لە نێوان دۆناڵد تڕامپ و جۆ بایدەن هیچ جیاوازییەک نییە هەڵەیە چونکە هەر دووکیان نوێنەری دوو حیزبی ئەمریکان و هەر کامیان نوێنەری بەشێک لە خەڵکی ئەمریکان.
“محەممەد سەدر” سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ بەرجام لەلایەن دەوڵەتی بایدەن وتی: رەنگە بایدەن ئەو بابەتە بە ئەرێنی هەڵسەنگێنێ و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش حازرە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و وتوێژەکان دەست پێبکەنەوە ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە “ئەحمەد عەلەموڵهودا” پێشنوێژی مەشهەد ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەر نووسی کە کۆماریخوازن و دێموکراتەکانی ئەمریکا هیچ جیاوازییەکیان نییە و بە بڕوای من هەر دووکیان ڕووی دراوێکن و کێشەکانی ئێران تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی عەلی خامنەیی چارەسەر دەبێ.
لە لایەکی دیکەوە “حەسەن ڕۆحانی” سەرۆکۆماری ئێران، لە قسەکانی خۆیدا وتی: کە بایدەن لەگەڵ ترامپ جیاوازی هەیە و جۆرێک نیسبەت بە بایدەن خۆشبین بوو و حزووری دێموکراتەکان لە کۆشکی سپی، ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکی و گوشار و گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کەم دەبێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەلوەر، هەواڵدەریی “ئاکسیوس” لە زمانی سەرچاوەیەکی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دۆنالد ترامپ سەرۆکۆماری ئەمریکا بە هاوکاری”تێلئاویوو” و چەند وڵاتی عەرەبی تا دوایین ڕۆژی سەرۆککۆماریی خۆی لەدرێژەدان بە گەمارۆ و گووشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دەبێ
ئابرامز دەڵێ:” گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا، بەرنامەی مووشەکی باڵستیک، پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و هەروەها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەکاتە ئامانج.