زانست و مۆسیقای میرزاده یا باشتر بڵێم دنیای میلۆدی و دابهشكردهنهكانی كه خوڵقاندوویه‌تی زه‌وق و ئیحساساتی به‌قوه‌تی مامۆستا موجته‌بای میرزاده‌یه. بۆ ئه‌وانه‌ی كه گوێیان له‌هه‌ر هه‌موو به‌رهه‌مه موزیكه بێكهلام و بهكهلامهكانی بووه و له‌گه‌ڵیان ئاشنان، بۆ ئه‌وانه‌ی كه دڵیان داوه‌ته میلۆدییه شیرین و دڵڕفێنه‌كانی و لهدابهشكردنیان به‌شێوه‌ی ئۆركێسترایه‌كی پڕ هه‌ست و حاڵ چێژی تایبه‌ت ده‌به‌ن، كار و به‌رهه‌مه مۆسیقاكانی زۆر به‌رچاو و ئاشناتره له‌نێو و قیافه و قسه‌كانی، كه نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه ئه‌و مۆسیقایانه‌ی داناوه و تۆماریان كردووه. ئه‌و بلیمه‌ت و مۆسیقاناسه كه‌سێك نییه جگه له مامۆستای گه‌وره موجته‌بای میرزاده.
میرزاده له 27ی ره‌شه‌مێی 1945 له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، شاری كرماشان چاو ده‌كاته‌وه و به‌داخه‌وه له ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵی له 26ی پووشپه‌ڕی 2005 له‌پایته‌ختی ئێران (تاران) چاوه‌كانی بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌به‌ستێ، به‌ڵام نه‌غمه و نه‌وای موزیك و ئامێره‌كانی له‌نێو خه‌ڵكی كوردستان هه‌تا هه‌تایه هه‌رده‌مێننه‌وه و به‌رگوێ ده‌كه‌ون. مامۆستا میرزاده ئه‌وه‌نده له‌چێژی مۆسیقای كوردستان و زانستی موزیكی ئه‌كادیمی شاره‌زابووه كه هه‌ر به‌رهه‌مێكی له‌هه‌ر ته‌مه‌نێكدا تۆماری كرده‌بێ به راسته‌قینه‌وه خوڵقاندوویه‌تی. به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و موزیسییانه به‌ناوبانگه‌ی كورد به‌چه‌ند قۆناغه‌دا تێپه‌ڕده‌بێ:
١- كاتێك له لاوی‌دا له رادیۆی كرماشان به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و كات گرووپێك سازده‌كه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستای گه‌وره و گۆرانیبێژی كورد حه‌سه‌ن زیره‌ك تۆمار ده‌كه‌ن و لاپه‌ڕه‌یه‌ك له هونه‌ر و مۆسیقای وڵاته‌كه‌مان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه. به تۆماری ئه‌و به‌رهه‌مه پڕ چێژ و زانستییانه كه بۆ مۆسیقا و گۆرانی و ئه‌ده‌بیاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستانیان كردووه، به‌سه‌دان میلۆدی، گۆرانی، مه‌قام و به‌سته‌ی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی موكریان یان كۆكردۆته‌وه، بڵاویان كردوونه‌وه و ناساندوویانن بهجیلی خۆیان و دوای خۆشیان بووه به كارنامه‌یه‌كی زێڕین بۆ ئه‌و گرووپه و مامۆستای گه‌وره موجته‌بای میرزاده.
موجته‌با ده‌ڵێ: «له ئێران‌دا له شهجهرییانهوه هه‌تا گوگوش كه دوو ستایلی زۆر جیاوازن، من كاری موزیكم له‌گه‌ڵ كردوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هیچیان وه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌ك ئاسووده نه‌بووم.» زۆر ئاواز و مه‌قام و گۆرانی كوردی له حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه فێربووه، حه‌سه‌ن زیره‌كیش به‌هۆی میرزاده‌وه كاره‌كانی دیارتر بوون. زیره‌ك به‌رله‌وه‌ی بێته رادیۆی كرماشان له تاران كۆمه‌ڵێك كاری كردبوو، به‌ڵام دابه‌شكردنه‌كه‌ی ئه‌و ئۆركێسترایهی كاری له‌گه‌ڵ كردبوو زۆرتر له فارسی نزیك بوو، له رووی ئۆركێسترایییهوه باش بوون، به‌ڵام له رووی تام و چێژی كوردییه‌وه ناگه‌نه ئه‌و كارانه‌ی له كرماشان بۆی كراون. ئۆركێسترای رادیۆی كرماشان كه پێكهاتبوون له محه‌مه‌دی عه‌بدولسه‌مه‌دی ژه‌نیاری كلارنێت و قه‌ره‌نه‌ی و سه‌رپه‌رشتیاری گروپی مۆسیقای رادیۆ كرماشان، ئه‌كبه‌ر ئیزه‌دی سه‌نتوورژه‌ن، به‌همه‌ن پووله‌كی بهزهڕب و هونه‌رمه‌ندێكی تارژهنیشیان له‌گه‌ڵ بوو. حه‌سه‌ن زیره‌ك له ماوه‌ی سێ ساڵ به هاوكاری ئه‌و موزیكژه‌نانه توانی «100» گۆرانی تۆمار بكات، كه زۆربه‌ی ئاوازه‌كان به‌هاوكاری و ڤیۆلۆنژهنی میرزاده دانراون.
٢- دانان و به‌رهه‌مه‌كانیان له روانگه‌ی ره‌نگ، ده‌نگ و چێژی تۆنهكانیان وه‌ك په‌یژه و سكێڵ ئه‌وه‌نده به‌رزه كه زۆربه‌ی ژه‌نیاران و گۆرانیبێژانی سه‌رسام كردووه، هه‌ر بۆیه‌ش له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی گۆرانیبێژانی فارس و لۆڕ و توركیش به‌رهه‌می هه‌یه. میرزاده له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژانی كورد وه‌ك مامۆستایان عه‌لی مه‌ردان، تاهیر تۆفیق، محه‌مه‌دی ماملێ، ره‌زا سه‌قایی، مه‌زهه‌ری خالقی و ناسری ره‌زازی به‌رهه‌می زۆر به‌رچاوی تۆماركردووه و توانیویه‌تی تام و چێژی مۆسیقای كوردی تێدا بخوڵقێنێ و به‌تایبه‌ت له‌به‌رهه‌مه ئۆركێسترایییهكانیدا به‌ته‌واوی شاره‌زایی له مۆسیقای كلاسیك و دراسی ره‌دیفی ئێران‌دا هه‌بووه و زۆر جاریش به په‌نجه‌كانی موزیكی عه‌ره‌بی و ئازه‌ری و ئه‌رمه‌نیشی ژه‌نیوه. میلۆدییه‌كانی میرزاده له بواری زانستی و دراسییهوه جۆرێك داڕێژراون كه له بواری فێركاریی موزیكی كوردستان، هه‌موو ئامێره موزیكییه‌كان ده‌توانن زۆر به‌باشی كه‌ڵكی لێ وه‌رگرن و له‌په‌یمانگه و زانكۆكان دراسه بكرێن، تا مرۆڤی كورد باشتر موجته‌با میرزاده وه‌ك مۆسیقاناس و بلیمه‌تێكی كورد بناسێ و جیل به‌جیل له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا بدره‌وشێته‌وه، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر شانی ئێمه‌ی موزیسییه‌نی كورده كه نه‌هێڵین ئه‌و سه‌روه‌ته به‌نرخه‌مان بفه‌وتێ.
٣- تواناكانی میرزاده هه‌ر به‌مۆسیقا و گۆرانی و سروود ته‌واو نابێ و گه‌یشتووه‌ته لووتكه‌ی حیرفه‌ی فیلم و سینه‌ما، له‌گه‌ڵ ده‌یان ده‌رهێنه‌ری به‌توانای بواری فیلم و سینه‌مای سه‌رده‌می خۆی كاری كردووه و موزیكی بۆ داناون و مۆسیقای فیلمی بۆ ئاماده كردوون. میرزاده ئه‌وه‌نده زانا و به‌توانابووه كه له‌و بواره‌شدا سه‌ركه‌وتنی زۆر باشی له كارنامه‌ی هونه‌ری خۆیدا تۆمار كردووه و نیزیكه‌ی په‌نجا به‌رهه‌می بۆ فیلم و سینه‌ما تۆماركردووه. هه‌ر به‌و حه‌ول و تێكۆشانه‌ش ده‌توانێ بواری مۆسیقایی سینه‌ما بگۆڕێ و رێچكه‌یه‌كی نوێ بۆ خۆی و به‌رهه‌مه‌كانی له‌نێو جه‌ماوه‌ری هونه‌ری فیلم و سینه‌مادا بخوڵقێنێ. له كۆتاییدا ده‌توانم بلێم ئه‌و كهڵههونهرمهند و موزیكزانه به‌كار و به‌رهه‌مه‌كانی خزمه‌تێكی زۆر به‌رچاوی به‌بواری مۆسیقای كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێی كوردستان كردووه و جێده‌ست و هه‌ستی هه‌تا هه‌تایه به‌سه‌ر مۆسیقای وڵاته‌كه‌مانه‌وه دیاره و قه‌ت پات نابێته‌وه. رۆحی به‌رزی هه‌ر شاد بێ و نموونه‌ی هه‌ر زۆر بێ له كوردستانه‌كه‌مان.
بۆچوونی چه‌ند كه‌سایه‌تێكی بواری مۆسیقای كوردستان سه‌باره‌ت به موجته‌بای میرزاده
مەزهەری خالقی
مه‌زهه‌ری خالقی:
ئه‌م پیاوه مرۆڤێكی ئازادیخواز و به‌هه‌ست بوو له هیچ كاتێكدا له موزیكی كوردی دوور نه‌كه‌ته‌وه
مامۆستا موجته‌با میرزاده كه یه‌كێكه له‌هه‌ره هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگ و ناسراوه‌كانی كوردستان، من بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1962 له رادیۆ كرماشان بینیم، چووم كارێكی له‌گه‌ڵ بكه‌م، چونكه به‌ڕاستی سه‌رسام بووم به‌كاره‌كانی هه‌م وه‌ك ئۆركسترایی هه‌م وه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ی شیرینی كوردی، ئه‌و كاته‌بوو یه‌كه‌م گۆرانیم له‌گه‌ڵ موجته‌با تۆماركرد كه ئه‌ویش گۆرانی(هه‌ی نابێ نابێ)یه كه پێشتر مامۆستا سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ئه‌و گۆرانییه‌ی وتبوو، ئه‌و ده‌مه موجته‌با له‌پۆلی پێنجی ئاماده‌یی بوو، هه‌م خوێندكار بوو هه‌م ڤیۆلۆنژهنێكی به‌توانای ئۆركسترابوو، ئه‌و كاته‌ی ئه‌و كاره‌م له رادیۆی كرماشان كرد دوو شت بۆ من زۆر سه‌رنجراكێش بوو: یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه موجته‌با له ماوه‌ی چاره‌كه سه‌عاتێكدا نۆته‌ی گۆرانییه‌كه‌ی هه‌موو نوسییه‌وه. دووه‌م ئه‌وه‌بوو سه‌عاتێكی پێنه‌چوو كاری ئۆركستراییهكهی ئاماده‌كرد.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاته دانهرێكی به‌و شێوه‌یه نه‌بوو، به‌ڵام توانی گروپه‌كه‌ی كۆبكاته‌وه و كارێكی هونه‌ری جوان له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بكات. ئه‌مه یه‌كێك له‌و توانا گه‌ورانه‌یه كه له میرزاده‌دا هه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌رووی ته‌كنیكه‌وه زۆر به‌هێزبوو هه‌م له دابه‌شكردنی كار و خوڵقاندنی جوانیدا، جگه له‌وه‌ش كه‌سێك بوو زوو شتی وه‌رده‌گرت و زووش ده‌یكرده به‌رهه‌م، كه ئه‌مانه پێكه‌وه ئه‌و مرۆڤه ره‌سه‌نه‌ی دروستكرد له موزیكی كوردیدا، مامۆستایه‌ك هه‌بوو به‌ناوی (موسهنن) كه ئێستا له ژیاندا نه‌ماوه وانه‌ی نۆته‌ی پێداوه، ئه‌م كوڕه به‌شێوه‌یه‌ك كه خۆی باسی ده‌كرد بۆم كاتێك كه خوێندكار بووه هه‌موو ساڵێك له كرماشان‌دا خوێندكاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان واته (سنه، كرماشان، ورمێ، مه‌هاباد، شاره‌كانی تر) له كرماشان یان شوێنێكی تر فێستیڤاڵی موزیكیان هه‌بووه، له‌و فێستیڤاڵه‌دا هه‌ر جارێك كه به‌شداری كردبێت هه‌میشه یه‌كه‌م بووه، به‌ڕاستی مرۆڤێكی هه‌ڵكه‌وتوو بوو به مناڵی تا ئه‌و كاته‌ی له‌دنیا ده‌رچوو، پاش ئه‌وه ئیتر من میرزاده‌م نه‌دییه‌وه تاكو هاته تاران و بووه خوێندكار له زانكۆی موزیكدا. له هه‌مانكاتدا له‌رادیۆی ئێرانیش وه‌كو ڤیۆلۆنژهنێك وه‌رگیرا، دوای چوار ساڵ به‌كالۆریۆسی له موزیك وه‌رگرت له‌و چوار ساڵه‌شدا به‌رده‌وام به‌شداری ده‌كرد له كۆنسێرت و به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا، به‌ڕاستی كه‌سێكه پڕ به‌رهه‌م بوو موجته‌با میرزاده له‌گه‌ڵ حه‌وت كه‌سی تر كه یه‌كێك له‌وانه (حسێن یوسف زه‌مانی) بوو یه‌كێكی تر له‌وانه (حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی) بوو ئه‌وانی تریش فارس بوون، میرزاده له‌وێش رابه‌ری ئۆركستراكه بوو كه‌متر له یه‌ك سه‌عات پرۆڤه‌یان له گۆرانییه‌كان ده‌كرد و له‌وێ راسته‌وخۆ پێشكه‌شیان ده‌كرد و له هه‌مانكاتیشدا هه‌ر له‌وێ تۆمار ده‌كرا. میرزاده له رادیۆی تاران له‌گه‌ڵ ئێمه كاری ده‌كرد، دوایی بوو به‌ئه‌ندامی شورای موزیكی رادیۆی ئێران، چونكه میرزاده جگه له‌وه‌ی كه باشترین ڤیۆلینی ئه‌ژه‌نی، هه‌م جۆزه(كه‌مانچه)شی ئه‌ژه‌ند، له‌گه‌ڵ سێ‌تار و پیانۆ و ده‌ف و دایره، یه‌كێك بوو له‌و ئه‌ندامانه‌ی كه هه‌میشه پرسیان پێده‌كرد بۆ جۆری میلۆدییه‌كان و جۆری موزیكه‌كان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كاری هه‌ره به‌رزی بۆ لوڕستان كردووه، من بڕیارمدا كۆمه‌ڵێك كاری تازه له‌وێ به یه‌كه‌وه بكه‌ین، په‌یوه‌ندیم به میرزاده‌وه كرد ئه‌ویش نزیكه‌ی چل كه‌سی له موزیكژه‌نه‌كانی ئێران كۆكرده‌وه و نزیكی پانزه گۆرانی بۆ من تۆماركرد، میرزاده له‌و كارانه‌دا نه‌ك ته‌نها موزیكه‌كه‌ی ئاماده‌كرد، به‌ڵكو كاری میكس داونی موزیكه‌كه‌شی كرد كه ئه‌مه كاری هه‌موو كه‌سێك نه‌بوو ده‌بوو ته‌نها موزیسیان ئه‌و كاره بكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر بوو له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی میرزاده كه زۆر به شاره‌زایی و سه‌لیقه‌یه‌كی جوانه‌وه ئه‌و كاره‌ی ده‌كرد، جگه له‌وه ئه‌م پیاوه مرۆڤێكی ئازادیخواز و به‌هه‌ست بوو له هیچ كاتێكدا له موزیكی كوردی دوور نه‌كه‌ته‌وه، میرزاده له‌و كارانه‌دا كه بۆ منی كرد هه‌موو ئه‌و ئامێرانه‌ی ژه‌نی كه ده‌یزانی وه‌ك گۆرانییه‌كانی (نازدار و نازدار، بازی بێریان، هه‌ڵاڵه، كهمهرهشل و چه‌ند كارێكی تر) من بۆخۆم گۆرانی (نازدار)م زۆر لاجوانه و زۆر پێی موعجیبم له رووی دابه‌شكردنه‌وه. له رووی په‌یوه‌ندی میرزاده له‌گه‌ڵ موزیسیانهكانی تری ئه‌و كاته خالقی وتی: میرزاده زۆر زۆر قسه‌خۆش و زۆر شاد كه هه‌موان خۆشیانده‌ویست، عاده‌ته‌ن ئه‌وانه‌ی كه لێپرسراوی ئۆركسترایهكن تا گۆرانییه‌ك تۆمار ده‌كه‌ن هه‌زار شه‌ڕ و شۆڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام میرزاده له‌هه‌ر كارێكی ئۆركسترادا هه‌بوایه هه‌موان به روویه‌كی شاد ئۆركسترایان جێده‌هێشت.
عەبدوڵلا جەماڵ سەگرمە
عه‌بدوڵڵا جه‌مال سه‌گرمه:
رێبه‌ری ئۆركێسترا ئه‌گه‌ر میرزاده نه‌بوایه حه‌سه‌ن زیره‌ك نه‌یده‌توانی گه‌لێك له‌و كارانه‌ی بكات
به‌شێك له چێژی گۆرانی موزیكهكهیهتی، به‌و پێیه‌ی میرزاده چێژێكی تایبه‌تی به‌خشیوه‌ته ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه كاری موزیكی بۆ كردون، عه‌بدوڵڵا جه‌مال وتی: گۆرانی و موزیك ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، سه‌باره‌ت به میرزادهش یان هه‌ر موزیكژه‌نێكی تر بێگومان رۆڵێكی گرنگی هه‌یه له داڕشتنه‌وه و تۆمار كردنی هه‌ر گۆرانییه‌كدا، دیاره میرزاده به‌و توانا و لێهاتووییه‌ی كه هه‌یبوه بێوێنهبووه و هاوكارێكی باشی گۆرانیبێژه‌كان بووه وه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌ك و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تر، ده‌ست و په‌نجه و سه‌لیقه و شاره‌زایی ئه‌و دیاره كه مۆركێكی كوردی زۆر جوان و ئاست به‌رزی پێوه‌یه، ته‌كنیكێكی به‌رزی هه‌یه كه له‌و بڕوایه‌دام ئه‌گه‌ر میرزاده نه‌بوایه حه‌سه‌ن زیره‌ك نه‌یده‌توانی گه‌لێك له‌و كارانه‌ی بكات، میرزاده كاری بۆ زۆر هونه‌رمه‌ند كردووه هه‌ڵبه‌ت من زانیاری كه‌مم هه‌یه له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی، به‌ڵام توانایه‌كی به‌هێزی تێدا ده‌بینم. میرزاده له ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵیدا ده‌بێته رابه‌ری ئۆركسترای رادیۆ كرماشان، ئایا میرزاده كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر ئه‌م رادیۆیه یان به پێچه‌وانه‌وه؟ عه‌بدوڵڵا جه‌مال وتی: دیاره هه‌ر رادیۆیه‌ك كه داده‌مه‌زرێت پێویستی بهموزیكژهنه، میرزادهش به‌لێهاتوویی خۆی رۆڵێكی باشی له‌و رادیۆیه‌دا بینیوه به‌تایبه‌ت له تۆمار كردن و دابه‌شكردنی گۆرانییه‌كاندا كه شێوازێكی كوردی زۆر جوانی پێوه دیاره كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری حۆی هه‌بووه، دوورنیه میرزاده رادیۆكه‌ی به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی كوردی زۆرجوان بردبێت هه‌روه‌ها دو‌ریش نییه سوودێكی باشی له رادیۆكه بینیبێت. به‌و پێیه‌ی میرزاده له وڵاتێكی فارسی زمانی وه‌ك ئێران‌دا كاری كردووه، به‌ڵام ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌میشه ره‌سه‌نایه‌تی كوردی پێوه دیاره، عه‌بدوڵڵا جه‌مال وتی: به بڕوای من ئه‌وه كاریگه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌ك بووه له‌سه‌ری، چونكه ئه‌مه قسه‌ی میرزاده خۆیه‌تی كه چه‌ندین شت له حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه فێربووه، ئه‌و شێوازه كوردییه و ئه‌و مۆركه كورده‌وارییه‌ی كه له‌ده‌ست و په‌نجه و ژه‌نینی ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رزه‌دا هه‌یه كاریگه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌كه به پله‌ی یه‌كه‌م پاشان لێهاتوویی خۆیه‌تی، ئینجا له ئێران‌دا شتێكی زه‌حمه‌ت هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه موزیكی كوردی و فارسی تێكه‌ڵاوه و به‌هه‌مووی ده‌ڵێن ئێرانی، كه ئه‌مه بۆ ئێمه رۆڵێكی خراپ ده‌بینێ، به‌ڵام ئافه‌رین بۆ ئه‌و گۆرانیبێژه یان ئه‌و موزیكژهنهی كه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌ژی و شێوازه كورده‌وارییه‌كه‌ی خۆی ده‌پارێزێت، میرزاده زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو له‌م لایه‌نه‌وه، به‌هه‌مان شێوه حه‌سه‌ن زیره‌كیش بێوێنه بوو.
نەجات ئەمین
نه‌جات ئه‌مین:
رێبه‌ری ئۆركێسترا دابه‌شكردنی موزیكه‌كانی میرزاده بۆ خۆی جوانكارییه له گۆرانی كوردیدا
سه‌باره‌ت به‌كاركردنی موجته‌با میرزاده له‌گه‌ڵ گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك مامۆسا مه‌زهه‌ری خالقی و حه‌سه‌ن زیره‌ك و ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ده‌كه‌ونه مێژووی كاركردنی ئه‌م موزیسیانهوه نه‌جات ئه‌مین وتی: پێم وایه ئه‌گه‌ر میرزاده نه‌بوایه مه‌زهه‌ری خالقی هه‌ر گۆرانی ده‌وت و حه‌سه‌ن زیره‌كیش به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام چۆنیه‌تی گۆرانییه‌كان له چ ئاستێكدا ده‌بوو هه‌ڵبه‌ته به‌جۆرێكی تر ده‌بوو، ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌ك خۆی ده‌نگێكی ره‌سه‌نی كوردییه واته بهمیرزاده نه‌بووه‌ته كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی میرزاده موزیكێكی جوانی بۆ ئاماده‌كردووه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جوانكارییه له گۆرانی كوردیدا. له‌سه‌ر كاریگه‌ری موزیكی میرزاده له پشت گۆرانییه‌كانی خالقی و زیره‌كه‌وه نه‌جات ئه‌مین وتی: مامۆستا خالقی له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك هه‌ندێك جیاوازییان هه‌یه، چونكه گۆرانییه‌كانی خالقی شێوه‌یه‌كی ئۆركسترالی و سهمفۆنیان پێوه‌دیاره و میرزادهش كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه له‌سه‌ریان، به‌ڵام گۆرانییه‌كانی زیره‌ك شێوه‌یه‌كی تریان هه‌یه و میرزاده وه‌ك تیپێكی موزیكیی كاری بۆ كردووه، ئه‌وه میرزاده‌یه كه دوای حه‌سه‌ن زیره‌ك كه‌وتووه و سه‌رسام بووه پێی، چونكه زیره‌كی نه‌مر هه‌رچییه‌كت ده‌دایه له (عه‌ره‌بی، توركی، ئازه‌ری) به‌شێوه‌یه‌ك ده‌یخوێند ئه‌تتوانی حاشای لێبكه‌ی كه كوردی نه‌بێت. ئایا ته‌واوكردنی ئه‌كادیمیا چه‌نده پێویسته بۆ كه‌سێكی هونه‌ری به‌پێیه‌ی میرزاده له دوای كۆمه‌ڵێك كاری ناوازه چووه‌ته ئه‌كادیمیا نه‌جات ئه‌مین وتی: به‌ڕای من هونه‌رمه‌ند پێویسته ئه‌كادیمیا ته‌واو بكات، چونكه موزیك ته‌نها ده‌ربڕینی هه‌ست و رۆحیه‌تی خۆت نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌كادیمیایه‌ك له پشت ئه‌وه‌وه نه‌بێت ئاستێكی دیاریكراو و جێگیرت ده‌بێت، به‌ڵام میرزاده كه ئه‌كادیمیای نه‌خوێندووه وه‌ك بڕوانامه نه‌یخوێندووه، به‌ڵام به هه‌وڵی خۆی وانه‌كانی ئه‌كادیمیای له شوێنه‌كانی تر په‌یدا كردووه، له لایه‌كی تریشه‌وه زۆر كه‌س هه‌یه ئه‌كادیمیای ته‌واو كردووه و ماسته‌ریان هه‌یه و دكتۆراش ده‌خوێنن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش رۆحیهتیان له ئاستێكی به‌رزدا نییه و له ته‌كنیكی ئه‌كادیمی زۆر سوودوهرناگرن، له‌به‌رئه‌وه نه رۆحیه‌ت به ته‌نیا و نه ئه‌كادیمیا به ته‌نیا ده‌توانێت هیچ شتێك بكات، به‌ڵكو هه‌ردووكیان ته‌واوكه‌ر و گرێدراوی یه‌كن.
دلێر حسێن:
موزیكژه‌ن ته‌كنیكه‌كانی ده‌ست و په‌نجه‌ی میرزاده موڵكی خۆیه‌تی و هه‌ر خۆی خوڵقاندوویه‌تی
سه‌باره‌ت به ته‌كنیك و قورسایی موجته‌با میرزاده له موزیكی كوردیدا دلێر حسێن وتی: میرزاده وه‌ك ژهنهرێكی به‌توانا ئه‌و ته‌كنیكه‌كانی كه هه‌یبوو تایبه‌ت بوو به‌خۆی من وه‌ك ئه‌وه‌ی كه زۆر گه‌ڕاوم له ئێران و زۆر شوێنی تر و زۆر موزیسیانم بینیوه له‌وه دڵنیام كه ئه‌و ته‌كنیك و ده‌ست و په‌نجه‌یه‌ی میرزاده موڵكی خۆی بوو و هه‌ر خۆی خوڵقاندبووی، ئه‌ویش له ئه‌نجامی گه‌ڕان و گوێگرتنی زۆر و عه‌شقی بۆ موزیك، وه‌ك گۆرانی كوردیش ئه‌و ده‌مه‌ی كه كاری بۆ حه‌سه‌ن زیره‌ك و مه‌زهه‌ری خالقی و خه‌لیلی سدیقی و هه‌تا ماملێش كردووه كه زۆر شت له‌وانه هێشتا نه‌گه‌یشتووه به ئێمه، چونكه هه‌ندێكیان بادینی بوون و خه‌ڵكی شكاكی لای ناوچه‌ی ره‌زائیه بوون كه كاریان له كرماشان تۆماركردووه، میرزاده قورساییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه كاری دابه‌شكردنی موزیكی بۆ هه‌موو ئه‌مانه كردووه و سۆڵۆی زۆر جوانی لێداوه كه جێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پركردۆته‌وه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا، چونكه ئه‌و ده‌مه ڤیۆلۆن ته‌نها كاری فارسی پێده‌كرا، به‌ڵام میرزاده توانی مۆركێكی كوردی ببه‌خشێته ئه‌م ئامێره كه زۆربه‌مان گوێمان پێی ئاشنایه. زیره‌كی میرزاده ئه‌وه‌بوو ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی له قوڕگی گۆرانیبێژه‌كاندا بیستویه‌تی وه‌ك گۆرانییه‌كانی مامۆستا خالقی یان زیره‌كی نه‌مر كه زیاتر كاره‌كانی ناوچه‌ی موكریانه و هه‌ندێك له میلۆدییهكانیش كاری ئه‌و كوردانه‌ی ناوچه‌ی قوچانی لای مه‌شهه‌ده كه ئه‌و كوردانه‌ن كاتی خۆی راگوێزراون بۆ ئه‌وێ، میرزاده ئه‌و شێوانه‌ی هه‌موو زانیوه و ئه‌و گۆرانییه كوردییانه‌ی له‌و ناوچه‌یه به‌ئامێری جوزهلهی كوردی و كه‌مانچه (جۆزه)ی قوچانی لێدراو‌ن ئه‌و توانی ئه‌و ته‌كنیك و مۆركه كوردییانه زیندووبكاته‌وه و بیانخاته سه‌ر ئامێری ڤیۆلۆن(ڤیۆلین)، جگه له‌وه‌ش میرزاده ئه‌و موزیكانهی كه دایناوه له رۆحی گۆرانییه‌كه‌وه ده‌ری هێناوه، چونكه كاتێك گوێی لێده‌گریت وا هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌و موزیكه له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانییه له دایكبووه و وه‌ك كارێكی فۆلكلۆر دێته گوێمان، بێگومان ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئه‌وه‌یه كه وایكردووه ئێمه‌ش له باشووری كوردستان لاساییمان كردوه‌ته‌وه و كاتێك كارێكمان كردووه كاریگه‌ری ئه‌ومان به‌سه‌ره‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر موزیكی كوردی به‌زانستی بنووسرێته‌وه وه‌ك پرۆگرامێك بۆ خوێندن كاره‌كانی میرزاده تا چه‌ند پشتیان پێدهبهرسترێت؟ دلێر حسێن وتی: موزیكه‌كانی میرزاده هه‌ڵقوڵاوی قوڕگی گۆرانیبێژهكانه، ئه‌م ته‌كنیكانه‌ش ئه‌و كه‌ره‌سته خاوه‌ن كه له موزیكی كوردیدا هه‌ن و سهرچاوهكهشیان شاخ و گوند و ده‌شته‌كانی كوردستانه، چونكه زۆربه‌ی گۆرانیبێژه كورده‌كان له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان روویان كردۆته میرزاده، پارچه‌كانی كوردستانیش زۆر له‌یه‌ك ده‌چن بۆ نموونه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ناوچه‌ی كرماشان به‌ولاوه گه‌رمیانه وه ناوچه‌ی موكریان هه‌مووی كوێستانه زۆر له باشووری كوردستان ده‌چێت، وه‌ك چۆن ئه‌وان ناوچه‌ی شكاكیان هه‌یه ئێمه‌ش بادینانمان هه‌یه، میرزادهش سوودی له هه‌موو گۆرانیبێژه‌كانی ئه‌م ناوچانه وه‌رگرتووه و كردوویه‌تی به ته‌كنیك، ئه‌گه‌ر بێت‌و رۆژێك له رۆژان وه‌ك موزیكی كوردی ته‌كنیك بنووسرێته‌وه بۆ ئه‌و ئامێرانه‌ی ده‌توانرێت كاری كوردی‌یان پێبكرێت و ئه‌و كار و ته‌كنیكانه‌ی میرزاده به نۆته بنووسرێته‌وه به دڵنیاییه‌وه شوێنێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت وه ده‌توانین به نموونه‌یه‌كی زیندوو باسی بكه‌ین له‌موزیكی زانستی كوردیدا.
سەرچاوە: کوردستانی نوێ