دایە ” حەلیمە ساڵحیان” دایکی ” مەنسوور خوسرەوی” پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری مەهاباد، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە١٩ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، دایە” حەلیمە ساڵحیان” دایکی کاک ” مەنسوور خوسرەوی” پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە دایە”حەلیمە” لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆستدا ژیاوە و بۆ وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجی گەڵەکەمان کوڕێکی ئەو دایکە تێکۆشەرە بە ناوی” مەنسوور خوسرەوی” تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێ و دایە حەلیمە دەبێتە دایکی هەموو پێشمەرگەکان و کوڕەپێشمەرگەکەی لە هەرشوێنێکی ئەم کوردستانە بووبایە دەڕۆیشت و سەردانی دەکرد و زۆربەی جاریش بەدوای سەردانیکردنی کوڕەکەی و پێشمەرگەکان کە دەگەڕاوە بۆ ناوخۆ لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە تووشی کێشە و گرفتیش دەبوو، بەڵام بۆ تەنیا جارێکیش دایە حەلیمە لە ڕێبازی پڕ سەروەری کوڕە پێشمەرگەکەی لاینەداوە.
جێگای ئاماژەیە کاک” مەنسوور خوسرەوی” یەکێک لەو پێشمەرگە هەرە فیداکار و دڵسۆزەکانی حیزبی دێموکراتە و هاوسەری شەهید” سوهەیلا قادری” ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، کە بە داخەوە لە مووشەکبارانی قەڵای دێموکراتدا وێڕای پولێک لە هاوڕێ و هاوسنگەرانی چوونە ڕیزی نەمرانی گەل و نیشتمانەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی دایە”حەلیمە ساڵحیان” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەس و کاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.