ئەندامێکی نەهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زیندانی سیاسی بە هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا لە پیرانشار کۆچیدوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، “سوڵتان بادپەڕ” ئەندامێکی نەهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زیندانی سیاسیی پیشوو، بە هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا لە شاری پیرانشار کۆچیدوایی کرد.
ناوبراو کوڕێکی ئازا و بەوەجی نێو ڕیزەکانی تەشکیلاتی نەهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوخۆی وڵات بە تایبەت شاری پیرانشار و ناوچەکانی دەوروبەری بوو و لە پێوەندی لەگەڵ کاری تەشکیلاتی حوکمی ساڵێک بەندکرانی بە سەر داسەپابوو و دوای تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرابوو.
شایانی باسە کە “سوڵتان بادپەڕ” لە کاری حیزبی ماندوو نەبوو و تا رۆژەکانی کۆتایی وەفادار بە حیزب و گەلەکەی مایەوە و درێژەی بە تێکۆشانی خۆیدا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستە بنەماڵە و کەسوکاری “سوڵتان بادپەڕ” و هەموو خەڵکی پیرانشار دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.