گرووپێک لە شارەوانی بانەدا بە سەرکردەیی دوو کەس بە ناوەکانی “محەممەد رەحمانی دەرگاشێخان و ئەیوب سدقی” بۆ هەرمالێک کە هاونیشتیمانیانی بانە درووستی دەکەن، بڕی ٣٠ میلیۆن تمەن پوڵ بەبیانووی دانی ئیزنی درووستکردنی خانووەکە وەردەگرن.
ئەو ٣٠ میلیۆن تمەن پارە بۆ خەڵکی هەژار، گەلێک زۆرە و لە هیچ لێکدانەوەیەکی دەزگا ئیدارییەکانی بانە و بەتایبەت لە شارەوانی هەژمار ناکرێت و “محەمەد ڕەحمانی و ئەیوب سدقی” پارەکە لە نێوان خۆیان و بەرپرسەکانی ئیتلاعاتی سوپای بانەدا دابەشی دەکەن.
پارەوەرگرتن و گەندەڵی ئەو باندە لە کاتێکدایە کە شارەوانی بانە بە جیا و بە بڕیاری شارەوانی، بڕی ٥٠ میلیۆن تمەن پارە لە هاووڵاتیان وەردەگرن.
محەممەد ڕەحمانی و ئەیوب سدقی، لە لایەکی دیکە ئیزنی درووستکردنی نایاسایی خانوو بە خەڵک دەدەن و بۆ هەر خانوویەک دەیان میلیۆن تمەن پارە وەردەگرن.
بەرپرسی شارەوانی بانە کە لە لایەن سوپای پاسداران و پارێزگاری سنە پشتیوانی لێدەکرێت بە ناوی کەسێکی نەناسراوەوە پارە لە خەڵکی وەردەگرێت و دواتر پارەکان لە نێوان خۆی، ئیتلاعاتی سپا و ٢ پیاوەکەی سپا “محەمەد ڕەحمانی و ئەیوب سدقی” و شووڕای شارەکە دابەش دەکات.
هەر لەو پێوەندیەدا لە ماوەی ڕابردوودا کەسێک کە فەرمانبەری شارەوانی بانەبوو، بەهۆی سەرپێچیکردن لە بڕیاری شارەوانی و شووڕای گەندەڵی شارەکە بۆ ئەنجامدانی کاری گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن لە کارەکەی دوور خراوەتەوە و لە شارەوانی دەرکراوە.
شایانی باسە کە شووڕا، شارەوانی و ئیتلاعاتی سپای بانە لە ڕێگەی وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ و نایاسایی لە خەڵک و فرۆشتنی زەوی بە نایاسایی و ئیزنی نایاساییدان بە نیزیکانی خۆیان بۆ درووستکردنی بینا، بەسەدان ملیارد تمەن پارەی خەڵکی بانەیان خواردووە.