هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە، کە بە ماشینەکەی سەرقاڵی گواستنەوەی موسافیر بووە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران کوژرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی” خوسرەو شەریفی” تەمەن٢٩ ساڵ کە چەند ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە گولە لە سەری درابوو، لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لە دەستدا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزب گەیشتووە، “خوسرەو شەریفی” ڕۆژی چوارشەممە٧ی خەزەڵوەر، لە سنووری کێلێ و لە نزیک بەنداوی عەباسئاوا، لە حاڵێکدا کە بە ماشینەکەی سەرقاڵی گواستنەوەی موسافیر بووە لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەی لێدەکرێ و بە توندی سەری بریندار دەبێ و دواتر بۆ چارەسەری دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی”کەوسەر”ی شاری سنە و بە داخەوە دوای ١٠ ڕۆژ بە هۆی قورسی برینەکەیەوە گیان لە دەستدەدا.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژ نییە بە هۆکاری جوراوجۆر تەقە لە خەڵکی بێ دەرەتانی کورد نەکا و خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نەکوژێ و بەم جۆرە درێژە بە سیایەت و پیلانە گڵاوەکانی بە دژی کورد دەدا.