ناوەندی هەواڵی “ئاکسیۆس” رۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکا کە دەولەتی “دۆناڵد ترامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە هاوکاری تێلئاڤیۆ و هێندێک لە وڵاتانی عەرەبی تا دوایین ڕۆژی کاری لە ساڵی داهاتووی میلادیدا، درێژە بەدانانی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدا.
هەر لەم پێوەندییەدا “ئێلیۆت ئابرامز” بەرپرسی کاروباری ڕێژیمی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، لە سەردانێک بۆ ئیسرائیل، لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل کۆبوونەوە و لە هەمبەر درێژە پێدان بە گەمارۆکان بۆ سەرڕێژیمی ئێران وتووێژێکیان کرد.
هەروەها ئابرامز، ڕۆژی دووشەممە لە گەڵ “بنی گانتس” وەزیری بەرگری و “گابی ئەشکنازی” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە و وتووێژێکیان لە سەر چۆنیەتی دانانی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەبێ و بەرنامەکانی دەوڵەتی ئەمریکایان لە هەمبەر درێژ کردنەوەی گەمارۆکان پێ ڕادەگەینێ.
دەوڵەتی ئەمریکا دەیهەوێت تا دوایین ڕۆژی کاری خۆی بە درێژەدان بە سیاسەتی” ئەو پەڕی گوشار” بۆ سەر تاران بەردەوام بێ و بە جۆرێک کە سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا”جۆبایدێن” نەتوانی بە ئاسانی بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام”.
ئابرامز، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا گوتبووی کە ئەمریکا دەیهەوێت هەر یەک حەوتوو یەک گەمارۆی نوێی بە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بسەپێنێ.
سەرچاوە هەواڵییەکانی ئیسرائیل دەڵێن: ” گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا هیچ پێوەندییەکی بە بەرنامەی ناوکی ئێرانەوە نییە لە بەر ئەوەیکە چاوەڕوان دەکرێ دەوڵەتی “جۆبایدێن ” بۆ گەرانەو بۆ ڕێککەوتنی “بەرجام “ناچار دەبێ گەمارۆ ناوکییەکان هەڵپەسێرێ.”
ئابرامز دەڵێ:” گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا، بەرنامەی مووشەکی باڵستیک، پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و هەروەها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەکاتە ئامانج”.