بەرپرسی شووڕای شاری تاران بە وتنی ئەوەیکە لە شاری تاراندا ڕۆژانە ٢٠٠ کەس بە هۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لە دەستدەدەن دەڵێ:” ئەم ئاماری گیان لە دەستدانە لە هیچ شارێکی جیهاندا بەم ڕێژەیە نییە”.
موحسین هاشمی، بەرپرسی شووڕای شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، گوتی: ڕۆژانە لە شاری تاراندا ٢٠٠ کەس بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا و پیس بوونی ئاوهەواوە گیانیان لە دەستدەدەن و ئەم ڕێژەیە لە گیانلەدەستدان لە هیچ شارێکی جیهاندا نابیندرێ و ئەگەر چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەبیندرێتەوە ئەوە ئاماری گیانلەدەستدان بەردەوام لە هەڵکشاندا دەبێ.
بەپێی ڕاگەیاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامیی ئیران، ڕێژەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا بەردەوام لە هەڵکشاندایە و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم ڕایگەیاند کە بە گیانلەدەستدانی ٤٥٩ کەس لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئاماری گیانلەدەستدان بە هۆی ئەم پەتایەوە لە ٣٨هەزار کەس تێپەڕیوە.
سیما سادات لاری وتەبێژی، وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩هەزار و ٢٣٦کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و ناوبراو دەڵێ ئەم ئامارە تەنیا ئاماری ئەو کەسانەیە کە تێستی کۆرۆنایان لێ وەرگیراوە لە ناوەندە دەرمانییەکانی هەموو شارەکانی ئێراندا.