ئامینە خانمی حەیدەری، خوشکی شەهید سەید کامیل حەیدەری، بەرپرسی کۆمیتە شارستانی حیزب لە ناوچەی هەوشار، لە شاری ئیستانبوولی وڵاتی تورکیە کۆچی دوایی کرد.
دوێنێ شەممە، ڕێکەوتی ۱۷ی خەزەڵوەری ۱۳۹۹ی هەتاوی، ئامینە خانمی حەیدەری، کچی کەسایەتیی بەناوبانگی ئایینی، ئاغا سەید محەممەدی چراغەواڵی ناوچەی هەوشار و خوشکی گەورەی شەهید سەید کامیل حەیدەری، بەرپرسی کۆمیتە شارستانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هەوشار لە تەمەنی ٨۹ ساڵی دا لە وڵاتی توکیە کۆچی دوایی کرد.
بنەماڵەی سەیدەکانی حەیدەری لە ناوچەی هەوشار، یەکێک لە بنەماڵە حیزبی و نیشتمانپەروەرەکانی کوردستانن کە بە کردەوە لە خزمەت خەڵک و بزووتنەوەی کوردستان دا بوون.
ئاغا سەید محەممەدی چراخەواڵ کەسایەتیی دیاری خێرخواز و خزمەتگوزار و گەورەی ئەم بنەماڵەیە بوو کە ئێستاش دوای پەنجا ساڵ لە کۆچی دواییان، لە نێو خەڵکی ناوچەی هەوشاردا بە ڕێزەوە یادی دەکرێتەوە.
کاک سەید کامیلی حەیدەری، بەرپرسی کۆمیتە شارستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی هەوشار، مانگی گەلاوێژی ۱۳٦٤ لە ناوچەی هەوشار بە دەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کرا.
بە بۆنەی کۆچی دوایی ئامینە خانمی حەیدەرییەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری ناوبراو دەکات و یاد و بیرەوەریی شەهید سەید کامیل حەیدەری بەرز ڕادەگرێ.