بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی کرماشان بە ناوی” عەلی محەممەدی موقەدەم” کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتبوو، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەری، ٩٩ی هەتاوی، عەلی محەمەدی موقەدەم، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کرماشان کە ماوەی ٤ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێەوە بۆ ژووری تاکەکەسی ئەو بەندیخانەیە گوازرایەوە.
ئەو بەندکراوە کوردە کە ماوەی ١٨ ساڵەی حوکمی بەندکرانەکەی لە بەنەیخانەی ناوەندیی ورمێ تێپەڕ دەکات، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەرەوە، هەتا ئەو کاتەی دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە یان مەرەخەسی دەرمانی پێ دەدرێت، مانگرتنی بێ سنووری خۆی ڕاگەیاندووە.
عەلی محەمەدی موقەدەم بەهۆی ڕاگیرانی لە دۆخێکی نالەبار بۆ ماوەی ١٥ مانگ لە ژووری تاکەکەسی تووشی نەخۆشی ئیسکیزفۆنی بووە و کۆمیسیۆنی پسپۆڕی پزیشکی دادوەریی “ورمێ”ش پشتڕاستی کردۆتەوە و مانگی ڕابردوو لقی دووی دادسەرای سەربازی تاران نامەیەکی بۆ بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ ناردووە و داوای کردووە کە ناوبراو بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕازی، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە هەتا ئێستا لە گواستنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆیان بواردووە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کەبڕوانامەی ماستەری زانستە سیاسییەکانی هەیە و پێرسێنلی ئەرتەش لە تاران بووە، مانگی بەفرانباری، ٨٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران دەسبەسەر و دوای ١٥ مانگ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەسبەسەرگەکانی ئەرتەش و ئیتلاعات بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە.
عەلی محەمەدی موقەدەم مانگی ڕەزبەری،٨٩ی هەتاوی، لەلایەن لقی دووهەمی دادسەرای سەربازی تاران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی ئەمریکا و بریتانیا حوکمی ١٨ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێی بە سەردا سەپا و ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی بەرزی وڵات وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە و کۆتایی هەمان ساڵ بەندیخانەی ورمێ گوازرایەوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر چەندین جار مافی مەرەخەسی پێدراوە، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا مافی مەرەخەسی لێ زەوت کراوە و دەرمانەکانی پێنەگەیشتووە