بەهۆی تەقینەوەی “مین” لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار سەر بە پارێزگای ورمێ، کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بوو.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) شەوی شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، کۆڵبەرێک لاقێکی لە دەست دا.
کۆڵبەرێک بە ناوی “سابیر خزری” تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی پیرانشار، لە کاتی کوڵبەریکردندا وەسەر مینێک دەپەڕێ و لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا لاقێکی پەڕیوە و بەچارەسەر کردنی پزیشکی گوزراوەتەوە بۆ نەخوشخانەی پیرانشار.
هەر لەو پێوەندییەدا و ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی پاوە بە ناوی “لوقمان ڕەحیمی” لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوورەکانی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەستداوە.
شایانی باسە کە جیاواز لەوەیکە کۆڵبەران مەترسی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان لە سەرە و لە ساڵدا بە هۆی تەقە کردنی هیزە چەکدارەکان بە سەدان کەس لە کۆڵبەران دەبنە قوربانی و گیانیان لە دەستدەدەن، ڕێگا پڕمەترسییەکان و مینە بەجێماوەکان هۆکاریکی دیکەی گیانلەدەستدان و کەمەئندامبوونی کۆڵبەران.