بەرپرسی گشتی دەزگای دادی مازەندەران ڕایگەیاند کە “عەباس ڕەجەبی” بەرپرسی شارەداری شاری ساری بە تۆمەتی دزی و گەندەڵی، دسبەسەر کراوەو بڕیارە دادگایی بکرێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومی “مێهر” ڕۆژی شەممە١٧ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، محەممەد سادق ئەکبەری، بەرپرسی گشتیی دەزگای دادی مازەندەران ڕایگەیاند کە کەیسی دزی و گەندەڵی شارەوانی ساری لە دادگای تاوانە ئابوورییەکان لێکۆڵینەوەی لێدەکرێ و عەباس ڕەجەبی بەرپرسی شارەوانی ساری بە تۆمەتی دزی و گەندەڵی تا کاتی دادگای کردنەکەی دەسبەسەر دەبێ.
بە دوای کەیسی گەندەڵی و دزی “چوار هەزار میلیارد” تمەنی شارەوانی ساری، تا ئێستا ١٣کەس لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی پێشووی شارەوانی ساری و ٤ کەس لە ئەندامانی شووڕای شاری ساری دەسبەسەر کراون.
دەسبەسەرکرانی شارەداری ساری لە کاتێکدا بوو کە چەند ڕۆژ پێشتر، شارەدار ٦کەس لە بەرپرسانی شارەوانی لە سەر کار لابردبوو ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەیکە ئەو بەرپرسانە سکاڵا بە دژی شارەدار تۆمار بکەن.
شارەوانی ساری، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بە هۆی گەندەڵی و دزی و باج وەرگرتن لە خەڵکی هەژار، ببوون بە سەرتیتری هەموو ڕۆژنامەکانی ئێران.
شایانی باسە کە دزی و گەندەڵی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو پەڕی خۆیدایەو بە هەموو جۆرێک سەروەت و سامانی خەڵک بە تاڵان دەبەن و جار جارەش بۆ شوێن گومکردنی خۆیان مۆرەیەکی خۆیان دەسووتێنن و بەم جۆرە دەیانهەوێ سەرپۆش لە سەر دزی و گەندەڵییەکانی خۆیان دادەنێن.